حکوومەتی ئەڵمانیا زمانی کوردی بۆ سیستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری زیاد کرد

K24 - هەولێر
بە هەوڵی جڤاتی کوردی و دوو دۆستی کورد لە ئەڵمانیا، زمانی کوردی لە فێرکاری و تاقیکردنەوەی تیۆریی مۆڵەتی شۆفێریدا زیاد دەکرێت، ئەمساڵ کوردانی ئەڵمانیا دەتوانن بە زمانی کوردی دیالێکتی کرمانجی بەشداری تاقیکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریدا بکەن و لە هەوڵدان کە شێوەزاری سۆرانیش زیاد بکرێت.
بۆ ئەو پرۆسە فێرکارییەی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، نووسینگەیەک لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کراوەتەوە و لەوێدا ئەو کەسانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن کە بەهۆی نەزانینی زمانی ئەڵمانی تووشی گرفت بوون، خۆیان بۆ بەشداریی لە تاقیکردنەوەی تیۆری و پراکتیکی ئامادە دەکەن.
حەمید عوسمان کە خاوەنی نووسینگەکەیە بۆ کوردستان24 دەڵێ "هەستێکی خۆشە بچیتە سەر کۆمپیوتەر و بە زمانی کوردی بەشداری لە تاقیکردنەوەکەدا بکەیت، بۆ ئێمەش وەک مامۆستا هەستێکی خۆشە بە کوردی وانە بڵێینەوە، جار بە جار ئەوەمان کردووە کە قوتابی کورد بەشداربن بە کوردی باسی وانەکە دەکەین، هەر کاتێک زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکەدا جێگیر بوو، ئێمەش هەوڵدەدەین بە کوردی وانەکان بڵێینەوە".
سێ ساڵە جڤاتی کوردی لە ئەڵمانیا، بە هاوکاریی هەر یەکە لە تۆبیاس هوخ ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی دۆستی کوردان و ئۆلیڤەر لوکسیچ پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە هەوڵی جێگیرکردنی زمانی کوردین لە نێو سیستمی فێرکاری و دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریدا، ئەمساڵ هەوڵەکەیان گەیشتە ئەنجام و پەسەند کرا.
هەر لە بارەی هەوڵەکانی جڤاتی کوردی بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردی لە سستەمی دەرهێنانی مۆڵەتی شوفێری لە ئەڵمانیا، شیلان کوردپور، ئەندامی جڤاتی کوردی لە ئەڵمانیا بۆ کوردستان24 گوتی "ئەو دوو کەسایەتییە ئەڵمانییە زۆر هاوکاربوون بۆ پرۆژەکەی جڤاتی کوردی لە وڵاتەکەیان، ئەوان باش لەوە تێگەیشتوون سوودی ئەو پرۆسەیە دوو لایەنەیە، هەم هاووڵاتییانی کورد سوودمەند دەبن لە دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، هەم حکوومەتی ئەڵمانیا سوودمەند دەبێت لەوەی هاووڵاتییانی کورد تا چەندە خزمەتی ئەو وڵاتە دەکەن"
دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە ئەڵمانیا تێچووێکی زۆری هەیە و خەرجییەکەی تا وەکوو 3500 یۆرۆی دەبێت، هەروەها تاقیکردنەوە تیۆرییەکەشی بە یەکێک لە قورسترین تاقیکردنەوەکان دادەنرێت و نزیکەی نیوەی بەشداربووان ناتوانن بە یەکجار تێیپەڕێنن و سەرکەوتووبن.