شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: وڵاتانی عەرەبیش بەرپەرچی هێرشەکەی ئێرانیان داوەتەوە

K24 - هەولێر
شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند، وڵاتانی عەرەبی لە ئاست خۆیانەوە بەرپەرچی هێرشەکەی ئێرانیان بۆ سەر ئیسرائیل دایەوە.
ئەمڕۆ 21ـی نیسانی 2024، مەیسەم مورادی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایەگەیاند، هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، هەموو ئەمانە پێشتر دیاری کراوە، هاوپەیمانییەتییەکە دیاری کردووە کە ژێر بە ژێر کار لەسەر هەموو ئەو بابەتیانە کراوە بەتایبەت بابەتی ئەمنی، پێشتریش ئەم کارە کرابوو کە لەلایەن شای ئوردنەوە باسی لێکرا.
بەگوتەی ئەو شارەزایە، "وڵاتانی عەرەبی ئەزموونێکیان لەگەڵ ئەو کارانەی ئێران هەیە، کە زۆرجار توانیویەتی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ، لە ڕێگەی میلیشیا و گرووپە نووستووەکانەوە کێشە و مەترسی بۆ ئەو وڵاتانە دروست بکات، بەتایبەتیش عەرەبستان."
ئەو شارەزایە گوتیشی: "ئێستە باس لەوە دەکرێت عەرەبستانیش یارمەتیدەری ئەو هاوپەیمانییە ئاسمانییە بووە، بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران. کە نایانەوێت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ باسی لێوە بکەن، وڵاتگەلێکی دیکەش هەیە دەڵێن، میسریش بەرپرچی درۆنەکانی ئێران داوەتەوە، و ئیماراتیش بەهەمان شێوە پابەند بووە بەو هاوپەیمانییەتییەی کە ئێستە هەیە."
مەیسەم مورادی ڕایگەیاند، "من پێموایە دوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە قۆناغێکی دیکەوە، پێشتریش بەریەککەوتنێک لە ئاستی نێودەوڵەتی و نا دەوڵەتیشدا هەبووە. ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەو هاوپەیمانییەی لە دەریایی سوور پێکیان هێنابوو دژی حووسییەکان، دوای ئەو هێرشە ئەو قۆناغە تێپەڕی و چووە ئاستی نێودەوڵەتەوە."
ڕاشیگەیاند، "ئەوەی ئێران لەسەر خاکی خۆیەوە هێرشی کردە سەر، ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمان لە ئاست خۆیانەوە توانیان بەرپرچی بدەنەوە."