سالار عەزیز: عێراق لە جێبەجێکردنی دەستوور پەشیمان بووەتەوە 

سالار عەزیز، سیاسەتمەدار
سالار عەزیز، سیاسەتمەدار

K24 – هەولێر:

سیاسەتمەدارێک، ئاماژە بەوە دەکات، لە دوای ساڵی 2003ـەوە کورد دووبارە عێراقی بنیاتناوە و رووێکی جوانی بە عێراق بەخشییەوە، هاوکات دەڵێت: عێراق نەبوو بە عێراقی هیوا و ئومێد.

سالار عەزیز، سیاسەتمەدار، لەمیانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، دەبێت بە هەر نرخێک بێت کیانەکەمان بپارێزین، ئیستا سیستەمێکی زۆر تێکەڵ هەیە لە عێراق، سیستەمەکە خاوەنی بەرنامە و ستراتیژییکەی روون نییە، لەناو خۆیاندا ناکۆک و هەڵوەشاوەن.

ئەو سیاسەتمەدارە دەڵێت: ئێستا لە هموو کاتێک زیاتر زووڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەورەها لە دوای 2003ـەوە کورد دووبارە عێراقی بنیاتناوە و رووێکی جوانی بە عێراق بەخشییەوە.

سالار عەزیز، ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لایەنی عێراق رێگرن لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندە بە دەستووری عێراق، لەکاتێکدا عێراق پەشیمان بووەتەوە لە جێبەجێکردنی دەستوور، بەداخەوە عێراق نەبوو بە عێراقی هیوا و ئومێد.

ئەو سیاسەتمەدارە، گوتی: خەڵک هەبووە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە عێراق هان بدات کە گیروگرفت بۆ هەرێم دروست بکات، هەر خەڵکانی کورد بوون داوایان لە مالیکی کرد کە مووچەی فەرمانبەران ببڕێت.

سالار عەزیز، باسی لەوەشکرد، لە دێر زەمانەوە خیانەتی نێوخۆیی یەکێک بووە لە دەردەکانمان، پێوستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربن لە هەستانەوەی هەرێمی کوردستان و پێویستە سوود لە هەڵەکانی رابردوومان وەربگرین.

ئەو سیاسەتمەدارە، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی: دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و وڵاتان گرنگە.

سالار عەزیز، دەشڵێت: دادگای فیدراڵیی ناتوانێت خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا زاڵ بکات، هەورەها بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی وەک بڵقی سەر ئاون، ئەو سیاسەتمەدارە لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، هەتا هێزەکانی پێشمەرگە یەک نەخرێنەوە ئەم هەرێمە هەر دەناڵێنێت.