پاپای ڤاتیکان: داوا لە هەموو لایەک دەکات زمانی دیپلۆماسی و لێکگەیشتن بەکار بهێنن

K24 – هەولێر
پاپای ڤاتیکان نیگەرانی خۆی لە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕی و داوای لە هەموولایەک کرد زمانی دیپلۆماسی و لێکگەیشتن بەکار بهێنن.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان ڕایگەیاند، زۆر نیگەرانییە لە ئاڵۆزییەکان و ئەو دۆخەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داوای لەهەموولایەک کرد، لەجێگەی پەنابردن بۆ شەڕ و کوشتار، زمانی دیپلۆماسی و لێکگەیشتن بەکار بهێنن.
پاپا فرانسیس گوتی: "خەڵکی فەڵەستین و ئیسرائیل بەهۆی شەڕەوە زۆر ئازاریان چەشتووە، کاتی ئەوەیە لەو دۆخەی تیایدان ڕزگاریان ببێت."
گوتیشی: "بە نیگەرانییەوە بەردەوامم لە بەدواداچوون بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جارێکی دیکە جەخت لە داواکەی خۆم دەکەمەوە بەوەی ناوچەکە ڕادەستی شەڕ نەکرێت، با لەجێگەی ئەوە زمانی دیپلۆماسی و دیالۆگ پەرە پێ بدەین کە سوودی زۆرمان پێ دەگەیەنێت."
پاپا فرانسیس، ڕاشیگەیاند، هەموو ڕۆژێک نزا بۆ ئاسایش و ئارامیی فەڵەستین و ئیسرائیل دەکەم، هیودارم خەڵکی ئەو دوو جێگەیە بەزوویی لە ئازار و ناڕەحەتی ڕزگارییان ببێت، نابێت خەڵکی ئۆکرانیاشمان لەبیر بچێت کە بەهۆی جەنگەوە زۆر ئازارییان چەشتووە.