داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت وەزیری دارایی لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە

K24 - هەولێر
کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەن وەزیری دارایی فیدراڵی لە ئەرکەکەی دوور بخاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی عێراق لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدراڵی گردبوونەوەیەکی بەرفراوانیان کرد و داوایان لە لیژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵی لە پۆستەکەی دوور بخەنەوە.
هۆی داواکەی کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەکو خۆیان دەڵێن، وەزیری دارایی ماددەی 12ی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی عێراقی جێبەجێ نەکردووە و شایستە داراییەکانی خەرج نەکردووە، بۆیە داوای دوورخرانەوەی دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە چەند پارێزگایەکی باشوور و ناوەڕاستی عێراق هاووڵاتییان دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکو ئاو و کارەبا ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای چارەکردنی کێشەکانیان دەکەن. هاوکات داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەن دەرگای دامەزراندن بە ڕووی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکاندا بکاتەوە.