هەفتەی داهاتوو ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل کۆ دەبنەوە

دیداری ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمانی تورکیا - وێنە: AA
دیداری ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل لە پەرلەمانی تورکیا - وێنە: AA

K24 – هەولێر:

لە ڕێوڕەسمی دامەزراندنی 104 ساڵەی پەرلەمانی تورکیا، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی جەهەپە چاویان بەیەک کەوت و وابڕیارە هەفتەی داهاتوو پێکەوە کۆ ببنەوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکپارتی) بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی 104 ساڵەی دامەزراندنی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و چاوی بە زۆربەی سەرۆکی پارتەکانی تورکیا کە لە پەرلەمان فراکسیۆنیان هەیە،  کەوت.

میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، ئەردۆغان بۆ ماوەی 10 خولەک لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گفتوگۆیان کردووە.

دواتریش سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، ئۆزگور ئۆزەل داوای لێ کردووە پێکەوە کۆببنەوە و ئەویش داواکەی قبوڵ کردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆ ببنەوە.

ئەمەش دەبێتە یەکەم دیداری نێوان ئەردۆغان و ئۆزگور ئۆزەل، لەوەتی ئۆزەل بووەتە سەرۆکی جەهەپە کە شوێنی کەمال كڵچدارئۆغڵوی گرتەوە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئایاری ساڵی ڕابردوو بەرامبەر ئەردۆغان شکستی هێنا.

هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی مانگی ڕابردوو، جەهەپە توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنێت و وێڕای پارێزگاریی لە پۆستی سەرۆک شارەوانییەکانی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، توانی ببێتە هێزی یەکەمی تورکیا و ژمارەی دەنگەکانی پێش ئاکپارتی کەوتەوە.