مونا قەهوەچی: کورسی کۆتا نەگەڕێتەوە، بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین

مونا قەهوەچی، سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان
مونا قەهوەچی، سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان

K24 - هەولێر

جێگری سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان ڕەتی دەکاتەوە وەکو پێکهاتەکان بەشداریی هەڵبژاردنێک بکەن "پێشوەختە" دیزاینی بۆ کرابێت. دەشڵێت، "کورسی کۆتا نەگەڕێتەوە، بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25-04-2024، مونا قەهوەچی، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا، ڕایگەیاند، "نەمانی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکی سیاسیدا نییە".

قەهوەچی ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، نایاسایی و نادەستووریی بوو". گوتیشی، ئامانج لە بڕیارەکە "لەنێوبردنی ئەو پێکەوەژیانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان بوو کە لە هەرێمی کوردستان هەیە".

پەرلەمانی کوردستان، وەکو ئەوەی جێگری سکرتێری گشتیی پارتی چاکسازیی تورکمان باسی کرد، "پێویستی بە بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکان هەیە" و پێویستە هەموو پێکهاتەکان نوێنەری خۆیان لەنێو پەرلەماندا هەبێت.

قەهوەچی لە بەشێکی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، "تاوەکو کورسی کۆتا نەگەڕێندرێنەوە پەرلەمانی کوردستان، ئێمە وەکو پێکهاتەکان و بە تایبەت پارتی چاکسازی تورکمان، بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ناکەین کە پێشوەخستە دیزاینی بۆ کراوە".

رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان و بە "نادەستووریی" لە قەڵەمی دان؛ بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە کرانە 100 کورسی.

 

Fly Erbil Advertisment