شارەوانیی هەولێر: لەمەودوا نابێت هیچ دوکاندارێک پەردە هەڵبواسێت و کەلوپەل لەسەر شۆستەکان دابنێت

K24 – هەولێر:
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، لە مەودوا نابێت هیچ دوکاندار و کاسبکارێک لە دەرەوەی دوکانەکەی پەردە هەڵبواسێت و مێز و کەلوپەلەکانی لەسەر شۆستەکان دابنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، بۆ مەبەستی جوانترکردنی سیمای شار، دوکاندار و کاسبکاران پابەند دەکرێن بەجێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی شارەوانی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و پاراستنی سەروماڵی کاسبکاران و مەترسییەکانی دروستبوونی ئاگرکەوتنەوە، لە مەودوا نابێت هیچ دوکاندار و کاسبکارێک لە دەرەوەی دوکانەکەی پەردە هەڵبواسێت و مێز و کەلوپەلەکان لەسەر شۆستەکان دابنێت.
ئەمەش دوای ئەوە دێت لە ماوەکانی ڕابردوودا چەند جارێک ئاگر لە بازاڕەکانی لەنگە و شێخەڵای هەولێر کەوتووە، کە بە گوتەی بەرگریی شارستانیی هەڵواسینی پەردە لە دەرەوەی دوکان و مێزەکانی بەردەم دوکانەکان هۆی خێرا تەشەنکردنی ئاگرەکە بوونە.