کوردستان24 دیمەنی ساتی هێرشە درۆنییەکەی سەر کۆرمۆر بڵاو دەکاتەوە

K24 – هەولێر
کوردستان24 دیمەنی تۆمارکراوی یەكێک لە کامێرا چاودێرییەکانی کێڵگەی غازی کۆرمۆری بە دەست گەیشتووە، کە ساتی هێرشە درۆنییە بۆمبڕێژکراوەکەی تۆمار کردووە.
وەک لە تۆماری کامێراکە دەردەکەوێت، کاتژمێر 18:43 خولەکی ڕۆژی 26ی نیسانی 2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و ڕاستەوخۆ لەو شوێنە دەدات کە کۆمەڵێک کرێکاری کۆمپانیای دانەغاز کاری تێدا دەکەن.
بەشێک لە کرێکارەکان لەگەڵ پێکان و تەقینەوەی درۆنەکان بۆ دەرەوەی شوێنی کارەیان ڕا دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو درۆنەی هێرشەکەی پێ کراوە لە جۆری شاهد 101 (کامیکانزی)ـە و دروستکراوی ئێرانە، یەکەمجار لە عێراق بە ناوی موراد5 لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە نمایش کرا و چەندین جار لە هێرشی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا و لە هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەکار هێنراوە.
درۆنی شاهد 101 درێژییەکەی 160 سەنتی مەتر و پانییەکەشی 220 سەنتی مەتر دەبێت، هاوشێوەی مووشەکی 258 لە سەر سەکۆ ڕووە و ئامانج هەڵدەدرێت و توانای بڕینی دووری دوو هەزار کیلۆمەتری هەیە و لە کاتژمێرێکدا 150 کیلۆمەتر دەبێت.
لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆ چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری شارەدێی قادرکەرەم لە شارۆچکەی چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانی، کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی بەڕێوەدەبرێت و سەرچاوەی دابینکردنی 67% کارەبای هەرێمی کوردستانە و بەهۆی ئەو هێرشەوە 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.
لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکاندا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و نێردەی تایبەتی ڕێخکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، داوا دەکەن لێکۆڵینەوەی جیددی بکرێت بۆ ئاشکراکردن و دەستگیرکردنی هێرشبەرەکان.