واشنتن پۆست: ئێران وەکو کۆگایەکی چەک مامەڵە لەگەڵ ناوچەی جورفولسەخر دەکات

رۆژنامەیەکی ئەمەریکی دەڵێت، ئێران وەکو کۆگایەکی چەک مامەڵە لەگەڵ ناوچەی جورفولسەخر دەکات (وێنە: ئەرشیف)
رۆژنامەیەکی ئەمەریکی دەڵێت، ئێران وەکو کۆگایەکی چەک مامەڵە لەگەڵ ناوچەی جورفولسەخر دەکات (وێنە: ئەرشیف)

K24 - هەولێر

دوای حەوت ساڵ لە ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش، ڕێگریی لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی شارۆچکەی جورفولسەخر دەکرێت. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران ئەو ناوچەیەیان کردووەتە بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدەن.

لە پاییزی ساڵی 2014 لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، شارۆچکەی جورفولسەخر بوو بە گۆڕەپانی شەڕ و بەرەنگاربوونەوە؛ تا ساڵی 2017 ئەو کاتەی شکستی داعش بەتەواوی ڕاگەیەندرا، ئیتر لەو کاتەوە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران شارۆچکەکەیان کۆنترۆڵ کردووە و ڕێگە نادەن خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە کە ئاوارەی بەشەکانی دیکەی عێراق بوونە، بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

مێدیای عەرەبی بەدواداچوونی لەسەر دۆخی ئاوارەکانی ئەو ناوچانە کردووە و، ئاوارەکان دەڵێن: "میلیشیاکانی نزیک لە ئێران ئەو ناوچەیەیان کردووەتە بنکەی ئۆپەراسیۆنەکان و ڕێگە نادەن جووتیاران و کاسبکارانی ناوچەکە بگەڕێنەوە و سوود لە زەوییە کشتوکاڵییەکانیان وەربگرن". هاوکات بە گوێرەی لێدوانی ئاوارەکان میلیشیاکان هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەدەن. دەشڵێن: بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی میلیشیاکان ناچاربووین ناوچەکانمان جێبهێڵین.

واشنتن پۆست ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 10 هەزار میلیشای نزیک لە ئێران لەناوچەکە جێگیر کراون و تاران وەکو کۆگایەکی چەک مامەڵە لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا دەکات.

پەیمانگەی ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوەی جەنگ ڕایگەیاندووە، میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە دەدەن و ناوەکەشیان لە "جورفولسەخرر" گۆڕیوە بۆ "جورفولنەسر".

هاوکات مایکل نایتس، یاریدەدەر لە ئینستیتیوتی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک ڕایدەگەیەنێت: ڕێگە نادرێت هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڕۆنە ناوچەکە و ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانییەوە ناوچەکە بەکار دەهێنێت بۆ ئاراستەکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و کاری هەواڵگری.

ناجی حەراج، بەڕێوەبەری ناوەندیی دادپەروەریی نێودەوڵەتی لە جنێڤ ئاشکرای دەکات، نزیکەی 130 بۆ 150 هەزار کەس لە ناوچەی "جورفولسەخر" ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بوون کە بەشێکی زۆریان لە کەمپێکی نزیک فەلوجە بەدووری 60 کیلۆمەتر لە ناوچەکە نیشتەجێ کراون. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، ناوچەکە لەلایەن یەکەیەکی میلیشیای حزبووڵلای عێراق و یەکەیەکی میلیشیای بەدر و یەکەیەکی میلیشیای "عەسائیب ئەهلولحەق" بەڕێوە دەبردرێت.

لە کۆتایی ساڵی 2022، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، سەرجەم ئاوارەکان دەگەڕێنرێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام دوای 10 ساڵ لەدووری زێدی خۆیان هێشتا ڕێگە بەگەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکە نادرێت.

Fly Erbil Advertisment