توێژینەوەیەک: پشتگوێخستنی ژەمەکان دەبێتە هۆی جەڵتە

K24 - هەولێر
چەند توێژینەوەیەک دەریانخستووە پشتگوێ خستنی ژەمەکان، پەیوەندی بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە. زۆرجار وازهێنان لە نانی بەیانی دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک.
دکتۆر کسێنیا یورۆسلانۆڤا، بەڕێوەبەری تاقیگەی دڵ و خوێنبەرەکان لە سەنتەری ڕووسیا بۆ توێژینەوە لەسەر پیربوون ئاماژە بەوە دەکات، خواردنی ژەمی ئێوارە لە دوای کاتژمێر هەشت ئێوارە ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاد دەکات.
ئەو دکتۆرە دەڵێت: "ئەو کەسانەی لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژووبوون یان بە پچڕپچڕی بەڕۆژوو بوون و دواتر واز لە ژەمەکان دەهێنن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کەمترە".
ئەو دکتۆرە ئاماژە بەوە دەکات، هەر لەسەرەتاوە هەست بەو نەخۆشییە دەکرێت، ئەویش بەهۆی وازهێنان لە ژەمەکان، چونکە میکانیزمە جیاوازەکان لە جەستەدا کاردەکەن. کاتێک کەسێک بە بەردەوامی ژەمەکان پشتگوێ دەخات بەهۆی هەر هۆکارێکی دیکە، جەستەی هۆرمۆنی سترێس کۆرتیزۆڵ دەردەدات. ئەم هۆرمۆنە ستیرۆیدە دەبێتە هۆی هەوکردن و هاندانی ڕەقبوونی خوێنبەرەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی دڵ و خوێنبەرەکان.
کسێنیا یورۆسلانۆڤا گوتیشی: "لەکاتی پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی پچڕپچڕ یان بەڕۆژووبوون بە ئاگادارییەوە، کەسەکە لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ژەمەکان پشتگوێ بخات، ئەو میکانیزمانەی کە ڕێگری لە دروستبوون و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان لە جەستەدا چالاک دەبن، هەروەها خانەکانی جەستە لە پێکهاتە تێکچووەکان و ژەهرەکان، کەمدەکاتەوە و پرۆسەی پیربوون خاو دەکاتەوە."
هەروەها ئەو پسپۆڕە ئامۆژگاری هەموو ئەو کەسانە دەکات، کە ژەمەکان پشتگوێ دەخەن و دەڵێت، "واز لە خواردنی ژەمە سەرەکییەکان مەهێنن و گرنگی بە ڕێجیم بدەن."