پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای چاندنی ئەندامەکانی جەستە دەخاتە دەنگدان

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە   29ی نیسانی 2024ی بڵاوکردووەتەوە کە شەش بڕگە لە خۆ دەگرێت و سەرەکیترینیان دەنگدانە لە سەر پێشنیاری هەمواری یەکەمی یاسای چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێهەمین هەمواریی یاسای قەرەبوو کردنەوەی ئەو کەسانەی لە دەستی ڕژێمی بەعس ئەندامێکی جەستەیان لە دەست داوە.

بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ دەست پێ دەکات و سەرەتا دەنگ لە سەر پێشنیازی هەمواری یەکەمی ماددەی چواری یاسای ژمارەی 11ی دەرچووی ساڵی 2014 لجنەی تەندروستی و ژینگە دەدرێت، بۆ ڕێکخستنەوەی ماددەکە کە تایبەتە چاندنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پێشنیازە یاسا و هەمواری یاسای دیکە دەکرێت، لە نێویاندا خوێندنەوەی یەکەم ماددەی 48ی پێشنیازە یاسای رێکخستنەوەی کاری سەندیکای کرێکاران و فەرمانبەرانی پیشەییە لە عێراق دەکرێت کە لەلایەن لجنەی یاسایی پەرلەمان پێشکەش کراوە.

هەروەها لەلایەن لجنەی دەرەوەی پەرلەمان، خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەو پرۆژە یاسایە دەکرێت بۆ ئەوەی کۆماری عێراق بچێتە نێو پرۆتۆکۆڵی کیگالی ساڵی 2016، هاوکات پێنجەمین هەمواری پرۆتۆکۆلی مۆنتریال لە بارەی ماددە زیانبەخشەکانی چینی ئۆزۆن بۆ ساڵی 1987 پاشکۆی ڕێککەوتننامەی ساڵی 1985ی ڤییەننا بۆ پارێزگاری لە چینی ئۆزۆن هەموار دەکرێتەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی سێهەمین هەمواریی یاسای زیان پێکەوتووانی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەکرێت کە بەهۆی ڕەفتارەکانی ئەو ڕژێمە ئەندامێکی جەستەیان لەدەست داوە و بوونەتە خاون پێداویستی تایبەت، پێشنیازەکەش لەلایەن لجنەی کاروباری شەهیدان و قوربانیان و زیندانییە سیاسییەکان پێشکەش کراوە.

هەروەها بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوومین هەمواری ماددەی دووەمی یاسای ژمارە چواری دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەکان بکرێت کە لە ساڵی 2006 ـەوە دەرچووە.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بڕیارە گفتوگۆ لە سەر خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازە یاسای هەمواری یەکەمی ڕێکخستنەوەی ئەو بڕوانامە و پلە زانستییانە بکرێت کە لە وڵاتانی عەرەبیی و بیانی بە دەست هێنراون.