چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

K24- هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. دوای کۆبوونەوەکەش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

لەوبارەیەوە عائید هیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران محەممەد شییاع سوودانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ دەکات، کە تیایدا بە ئەگەری زۆرەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە پشکی سوننەیە یەکلایی دەکرێتەوە.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی گوتیشی، دوای کۆبوونەوەکەی سەرکردە شیعەکان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.

عائید هیلالی ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەری زۆرە سالم مەتەر عیساوی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵببژێردرێت.

لە 14ی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لادراوە و پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن موحسین مەندەلاوییەوە بەڕێوەدەبرێت. لەگەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانیش شەعلان کریم کاندیدی تەقەدووم 152 دەنگ و سالم عیساوی کاندیدی سیادە 97 دەنگیان بەدەست هێنا.

تا ئێستا هاوپەیمانی سیادەی سوونەکان بە هاوبەشی حەسم و عەزم سوورن لەسەر ئەوەی سەرۆکی داهاتووی پەرلەمان لای خۆیان بێت، پارتی تەقەدومی محەممەد حەلبوسیش هیچ سازشێک ناکات و جەخت لە هێشتنەوەی پۆستەکە لای خۆیان دەکات.