بۆ تاوتوێ کردنی پێشنیازێکی ئاگربەست، شاندێکی حەماس گەیشتە میسر
K24 - هەولێر
بۆ تاوتوێ کردن و دەربڕینی بۆچوونیان لەسەر پێشنیازێکی ئیسرائیل سەبارەت بە ئاگربەست، شاندێکی باڵای حەماس گەیشتە میسر.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29-04-2024، ئاژانسی هەواڵی فرەنسی (ئەی ئێف پی) ئاشکرای کرد، شاندێکی باڵای حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس؛ بۆ ڕاگەیاندنی بۆچوونی خۆیان لەسەر پێشنیازەکەی ئیسرائیل بۆ ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر.
ئاژانسی ئەی ئێف پی باسی لەوەش کردووە، بەشێک لە سەردەکانی حەماس گومانیان لە هەڵوێستی ئیسرائیل هەیە بەوەی دوای ئازادکردنی بارمتەکان شەڕ لە غەززە دەستپێ بکەنەوە.
بڕیارە شاندەکەی حەماس لەگەڵ بەرپرسی هەواڵگریی میسر کۆببنەوە و بەفەرمی هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان ڕابگەیەنن.
ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.