لە زانکۆکانی ئەمەریکا خۆپیشاندان بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بەردەوامە
K24 - هەولێر
لە زیاتر لە 70 زانکۆی ئەمەریکا خۆپیشاندان و مانگرتن بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بەردەوامە. داوادەکەن ئەمەریکا هەژموونی خۆی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی غەززە بەکار بهێنێت.
خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی قوتابیان و پسپۆڕان لە 76 زانکۆی ئەمەریکا بۆ داوای ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە. هەروەها قوتابیان و پسپۆڕان داوا دەکەن، ئەمەریکا هەژموونی خۆی بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی غەززە بەکار بهێنێت.
هاوکات، لە بەشێک لە زانکۆکان توندوتیژیی لەنێوان قوتابیان و پۆلیسدا دروست بوو، بەهۆیەوە تا ئێستا نزیکەی 200 قوتابی خۆپیشاندەر دەستگیر کراون.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل خۆپیشاندەرانی ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لەلایەن گروپی دژە جووەکان هان دەدرێن.
دوێنێ یەکشەممە، زانکۆی ئیندیانا بڵاوی کردەوە، زیاتر لە 25 قوتابی زانکۆکەیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.
لەلایەکی دیکەوە، چالاکوانانی زانکۆی کۆڵۆمبیا باس لەوە دەکەن، لە هەفتەی ڕابردووەوە زیاتر لە 100 قوتابی ئەو زانکۆیە کە بەشداربوون لە خۆپیشاندانەکان لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراون.