دروێنە لە سنووری چەند گوندێکی دیکەی کوردنشین قەدەغە کرا

K24 – هەولێر

دوای قەدەغەکردنی دروێنەی گەنم و جۆ لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای کەرکووک لەلایەن سوپای عێراق، ئەمڕۆ دروێنەکردن لە چەند گوندێکی دیکەی کوردنیشینیش قەدەغەکرا.

دوای پەڵکانە و سەرگەڕان، ئەمڕۆ دووشەممە، 29-4-2024، دروێنەکردن لەسنووری گوندەکانی ساڵەیی سەر بە شارەدێی پردێش بە بڕیاری سوپای عێراق ڕاگیراوە و سەرجەم جووتیارانی سنوورەکەش ئاگادارکراونەتەوە کە نابێت بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن.

هەر لەسەر ئەوبابەتە دوو جووتیاری کوردیش لەکاتی دروێنەکردنی جۆ لە گوندی گەڵۆزی لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستگیر کران.

جووتیارێکی سنووری سەرگەڕان و پەڵکانە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەدوێنێوە سوپا ڕێگری کردووە لە دەڕاسەکانمان کە ئێمە پارەی زۆرمان خەرج کردووە بۆ ئەوەی ئێستا بەرهەم و خێر وبێرەکەی بدوورینەوە.

محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سنووری ناحیەی سەرگەڕان بە کوردستان24ـی گوت: دوێنێ لەگەڵ د. شاخەوان عەبدوڵڵا قسەم کردووە و ئەو لەسەر خەتە، بەڵام کێشەکەی ئێمە سیاسییە، دەشڵێت: سنووری ئێمە کەوتووەتە لای فیرقەی 14 و 8، کە قیرقەی 14 هیچ کێشەیەکی نییە و دەستوەردان ناکەن، تەنیا فیرقەی 8 دەستوەردان دەکات، ئەگەر بزانین کێشەکە چارەسەرناکرێت ئەوە ڕێگە چارەی دیکەمان هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت ئێمە خەڵک کۆدەکەینەوە و بەڵگەی یاسایی خۆمان پێیە، وە دڵنیاشیان دەکەینەوە ئەگەر بەرهەمەکان و ئێمەش لەگەڵی بسووتێنن، زەویەکانمان چۆڵ ناکەین.

جوتیارێکی دیکە باسی لەوەکرد، ئەو قەدەغەکردنە تەنیا ئەو پێنج گوندە نییە، بەڵکو ئەو پڕۆسەیە کۆی پڕۆسەی تەعریب کردنە کە ئێستا کەرکووکی گرتووەتەوە، کە لەدەرەوەی کەرکووک وەک "تۆپزاوا، ترکەشکان، داقوق، دوبز، سەرگەڕان و گەڵۆزی" هەروەها لە ناوەوەی کەرکووک دەیانەوێت عەرەفە و نەورۆزی داگیر بکەن و هەموو گەڕەکە کوردییەکان بە "تەجاوز" سەرپێچی ئەژمار بکەن. تاوەکو دووبارە کورد ئاوارە بکەنەوە.

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لە سەرە، بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارە دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.