پێشبینی دەکرێت سالم عیساوی ببێتە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق

سالم مەتەر عیساوی کاندیدای سیادە
سالم مەتەر عیساوی کاندیدای سیادە

K24 - هەولێر

ململانێی سوننەکان لەسەر سەرۆکی پەرلەمانی عێراق چووەتە قۆناغێکی توندەوە. سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەڵێت، چانسی سالم عیساوی، کاندیدای هاوپەیمانیی سیادە بۆ بوونە سەرۆکی پەرلەمان بەهێزە.

کشانەوەی شەعلان کرەیم وەک تاکە کاندیدای تەقەدوم بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ململانێی سوننەکانی لەسەر پۆستەکە خستە قۆناغێکی توندەوە. بەشێک لە سوننەکان هاوشێوەی ڕەوتی سەدر، هەڕەشەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی و پەرلەمان دەکەن. چوارچێوەی هەماهەنگیش دەیەوێت پرسەکە بە زووترین کات یەکلایی بکاتەوە.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-04-2024، چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ بەلاداخستنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە. لەوبارەیەوە عائید هیلالی، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، دەیانەوێت پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە زووی یەکلایی بکەنەوە و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بخەنە بەرنامەی دانیشتنەکانەوە. جەختی لەوەش کردەوە، چانسی سالم مەتەر عیساوی کاندیدای سیادە بەهێزە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە.

لایەنە سوننەکانی رکابەری محەمەد حەلبووسی لەوانەش هاوپەیمانی عەزم، سیادە و حەسم دوای کشانەوەی شەعلان کرەیم پێداگرن لەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ خۆیان بێت و کاندیداکەشیان سالم عیساوییە، هەڕەشەی ئەوەش دەکەن تا یەکلاییکردنەوەی پرسەکە بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەکەن.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، موحیسن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت بەڵێنی بە عەزم، حەسم و سیادە داوە بەمزووانە تەوەری هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بخاتە بەرنامەی دانیشتنەکانەوە.

لای خۆیەوە سەڵاح کوبەیسی پەرلەمانتارای هاوپەیمانی حەسم کە لەلایەن سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراقەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ڕایگەیاند، تەقەدوم ئەگەر پێیان وابێت زۆرینەی سوننەن ئەوە لە خەیاڵدا دەژین، چونکە ئەو هاوپەیمانێتییەکە تەنها حەوت بۆ نۆ پەرلەمانتاری لەگەڵ ماوەتەوە.

لەبەرامبەردا، تەقەدوم بەسەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەسەرکارلادراوی پەرلەمان، سوورن ئەوەی پۆستەکە لای خۆیان بهێڵننەوە، بەپێی چەند سەرچاوەیەکی نافەرمیش حەلبووسی پەیامی بە سەرکردەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوان نەبێت لە پرۆسەی سیاسی دەکشێننەوە.

پەرلەمانی عێراق لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە بێ سەرۆکە، رۆژی یەک شەممەی رابردووش بەدەنگی 150 پەرلەمانتار بڕیاردرا بەمزووانە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بخرێتە بەرنامەی کارەوە.