گفتوگۆی لایەنەکان لەبارەی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا دەستپێدەکات

پەرلەمانی تورکیا
پەرلەمانی تورکیا

K24 – هەولێر:

گەڕی دانیشتن و گفتوگۆکانی تایبەت بە دەستووری نوێی تورکیا ئەم هەفتەیە دەستپێدەکەن و وابڕیاریشە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەردانی سەرجەم پارتە سیاسییەکان بکات و لەبارەی دەستپێکردنی هەنگاوەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور گفتوگۆ بکەن.

محەممەد ئوچووم، راوێژکاری یاسایی سەرۆککۆماری تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەبارەی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور ئاماژەی بەوەکردووە: پرسی دەستووری نوێ وەک ڕۆژەڤ دەمێنێتەوە چونکە پێویستییەکی هەنووکەیی تورکیایە.

هاوکات لە حەوت خاڵدا تەواوی نووسینەکەی کۆکردەوەتەوە و ڕایگەیاندووە، دەستووری نوێی تورکیا دەستوورێکی تەواو نوێ دەبێت، هاوکات پێویستە گشتگیر بێت و تەواوی کۆمەڵگە لەخۆبگرێت، جگە لەوە دەبێت دەستوورێکی ئازادیخواز بێت و تاک بە تاکی کۆمەڵگا بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێی دەستوورێکی مەدەنی بێت و خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و رێگەی بەردەم دیموکراسی بکاتەوە، دەستوورێکی میللـی بێت و هەڵقوڵاوی کۆمەڵگەی تورکیا بێت.

لەلایەکی دیکەوە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ڕایگەیاند، دەستیان بە کارەکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی دەستوور کردووە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی: "تکا دەکەم دەسەڵات و پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن باش گوێبیستمان بن، وەک دەم پارتی لەگەڵ خەڵک دەستمان بە گفتوگۆکانی تایبەت بە دەستووری نوێ کردووە. رێگە نادەین دەستووری نوێ ببێت بە رزگارکەری دەسەڵات. پێویستە گفتوگۆکانی تایبەت بە دەستووری نوێ لەسەر داواکارییە ڕاستەقینەکانی خەڵک بێت. ئامانجمان وایە گفتوگۆکانی تایبەت بەو پرسە لە سەرووی پارتە سیاسییەکانەوە بێت و کۆدەنگییەکی فراوانی لەسەر دروست ببێت".

دەستووری تورکیا لە 177 ماددە پێکهاتووە و تاوەکو ئێستا گۆڕان لە 20 بەشی جیاوازیدا کراوە، بەڵام 58 ماددەیان بە هیچ جۆرێک دەستکاری نەکراوە. یەکەم گۆڕانکاریش لە دەستووری تورکیا لە ساڵی 1987 بووە و دوایین هەموارکردنەوەش لە ساڵی 2017 بوو کە سیستمی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا.

دەستووری ئێستای تورکیا لە دوای کودەتاکەی (12ـی ئەیلوولی 1982) نووسراوەوەتەوە و لە ڕاپرسییەکی گشتییدا بە ڕێژەی 92%ـی دەنگی خەڵکی ئەو وڵاتە پەسەند کرا، بۆیە دوای 40 ساڵ لە ئامادەکردنی ئەو دەستوورە، هەرچەندە چەند جارێک هەموارکراوەتەوە و گۆڕانی کەمی تێدا کراوە، بەڵام هەر بە "دەستووری کودەتا" ناودەبرێت.

دەستووری ئێستای تورکیا لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و ڕاوێژکاریی سەربازی ئامادەکراوە و لە (7ـی تشرینی دووەمی 1982) خراوەتە ڕاپرسی جەماوەرییەوە، لەو کاتەوەشەوە 19 جار هەموارکراوەتەوە.

ماددە کێشە لە سەرەکان بەشێوەیەکی گشتی پێکهاتوون لە ماددەکانی (1، 2، 3، 4 و 66) کە ماددەی یەکەم ئاماژە بەوە دەکات: "سیستمی بەڕێوەبردنی تورکیا کۆمارییە". لە ماددەی دووەمیش هاتووە: "کۆماری تورکیا سیکۆلارە و پابەندی ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی ئەتاتورکە". لە ماددەی سێیەمیش باس لەوە دەکات: "کۆماری تورکیا یەکپارچەیە و لەیەکتر دانەبڕاوە، زمانی فەرمیی تورکییە". هەروەها لە ماددەی چوارەمیش نووسراوە: "بەهیچ شێوەیەک داوای گۆڕینی سێ ماددەی یەکەم ناکرێت"، ماددەی 66ـیش باسی لەوەکردووە: "تەواوی ئەوانەی هاووڵاتی تورکیان، تورکن. منداڵی دایکێکی تورک یان باوکێکی تورک، تورکە".

Fly Erbil Advertisment