میکێلێ کامێرۆتا: ئیتاڵیا په‌یوه‌ندیی گه‌شتیاری و شوێنه‌وارناسی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه
K24 - هەولێر:
وۆركشۆپێك له هه‌ولێر له لایه‌ن كونسوڵگه‌ری ئیتاڵیا ڕێك خراوه و تێیدا 11 تیمی شوێنه‌وار كه له لایه‌ن زانكۆكانی ئیتاڵیاوه هاتوونه‌ته هه‌رێمی كوردستان به‌شدارن و له‌گه‌ڵ تیمه‌كانی شوێنه‌واری هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆ سه‌باره‌ت به ئه‌ركه شوێنه‌وارییه‌كان ده‌كه‌ن؛ هاوكات كونسوڵی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئیتاڵیا بڕوای به دیپلۆماسیه‌تی كولتووری هه‌یه و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان په‌ره به بواری شوێنه‌وار ده‌دات.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 29ـی نیسانی 2024) میکێلێ کامێرۆتا، كونسوڵی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان له دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا بووه‌ته لایه‌نێكی نوێ بۆ لێكۆڵه‌ره‌وه و توێژه‌رانی بواری شوێنه‌وارناسی.
میکێلێ سه‌رنجی خسته سه‌ر گرنگی شوێنه‌وارناسی له هه‌رێمی كوردستان و گوتی، ئه‌ركێكی هۆشیارییه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی كوردستان زانیاریی له باره‌ی مێژوو و ڕابردوویان بزانن هه‌روه‌ها به‌شێكیشه له بواری ئابووریی و ڕاكێشانی گه‌شتیاری و دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار.
كونسوڵی ئیتاڵیا له هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئیتاڵیا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی، دیپلۆماسی، سه‌ربازی و ڕۆشنبیری په‌یوه‌ندی به‌هێزی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بواری گه‌شتیاری و شوێنه‌وارناسی وه‌ك هێزی نه‌رم و دیپلۆماسیه‌تی كولتووری ده‌بینن بۆ لێكنزیكبوونه‌وه‌ی گه‌لان و به‌رپابوونی ئاشتی له نێوانیاندا.
تیمه ئیتاڵییه‌كانی بواری شوێنه‌وارناسی له ساڵی 2011ـوه له هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن و به دوای دۆزینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی شوێنه‌واره مێژووییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن.