حه‌سه‌ن مه‌جید: له سبه‌یه‌وه ڕێگری له جووتیارانی كورد ناكرێت به‌رهه‌مه‌كانیان دروێنه بكه‌ن

K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی لیستی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك ئاماژه به‌وه ده‌كات، جێگری سه‌رۆكی فه‌رمانده‌ی كه‌ركووك پێی ڕاگه‌یاندوون، له سبه‌یه‌وه ڕێگری له جووتیاران ناكرێت به‌رهه‌مه‌كانیان دروێنه بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 29ـی نیسانی 2024) حه‌سه‌ن مه‌جید، سه‌رۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك تایبه‌ت به كوردستان24 ڕایگه‌یاند، له ڕووی یاساییه‌وه پشتیوانی له جووتیارانی كورد له سنووره‌كانی په‌ڵكانه و گه‌ڵۆزی و شوێنه‌كانی دیكه ده‌كه‌ن كه ڕێگرییان لێ ده‌كرێت بۆ دروێنه‌كردنی به‌رهه‌مه‌كانیان.
حه‌سه‌ن مه‌جید ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی به لیوا عه‌بدولڕه‌زاق، جێگری سه‌رۆكی فه‌رمانده‌ی كه‌ركووكه‌وه كردووه و پێی ڕاگه‌یاندووه، كه ناكرێت جووتیارانی كورد ڕووبه‌ڕووی ئه‌م دۆخه بكرێنه‌وه.
سه‌رۆكی لیستی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك باسی له‌وه‌ش كرد، لیوا عه‌بدولڕه‌زاق پێی گوتووه، كه هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌نێوان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی پردێ و بازگه‌كانیان دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له جووتیارانی كورد نه‌كرێت. گوتیشی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته نووسراوێك له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی پردێ بدرێته بازگه‌كان.
حه‌سه‌ن مه‌جید سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕ‌اكێشا، كه لیوا عه‌بدولڕه‌زاق پێی ڕاگه‌یاندووه، له سبه‌یه‌وه ڕێگری له جووتیاران ناكرێت به‌رهه‌مه‌كانیان دروێنه بكه‌ن.
سوپای عێراق لە سنووری شارەدێی پردێ هەڵیکوتاوە سەر جووتیارانی کورد و ڕێگرییان لێ دەکات دروێنه‌ی گه‌نم و جۆی ئەمساڵیان بکەن، هاوکات لە سنووری په‌لكانه و سه‌رگه‌ڕان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریشی ڕێگرە لەبەردەم دروێنەی جوتیارانی کورد.
دوو ڕۆژە وەزری دروێنە لە پەڵکانە و سەرگەڕان لە سنووری دووز و گوندەکانی ساڵەیی سەر بە شارەدێی پردێ دەستی پێ کردووە، بەڵام وەک هەموو ساڵێکی ڕابردوو بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە لە جووتیارانی کورد قەدەغەکراوە و ڕێگریشیان لێ دەکرێت بچنە سەر زەوییەکانیان.
سوپای عێراق هۆشداری داوەتە جووتیاران و ئاگاداری کردوونەتەوە کە نابێت بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن، ئەمەش جوتیارانی کوردی توڕە و نیگەران کردووە بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له دژی ئه‌و بڕیاره‌ی سوپای عێراق، جووتیارانی گوندی گه‌ڵۆزی سنووری پردێ لە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێر گردبوونه‌وه و ڕایده‌گه‌یه‌نن، ئەگەر ڕێگرییەکان بەردەوام بێت ئەوا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت هەروا دەستەوەستان نابن.
تاوەکوو ئێستا سوپای عێراق ژمارەیەک جووتیاری کوردی لە ناوچەی ساڵەیی و چەند شوێێكی دیکە دەستگیر کردووە.
جووتیارێک بۆ کوردستان24 گوتی: سوپای عێراق هەر لە سەرەتای تۆوکردنی زەوییەکان، بە دەرمانڕێژکردن و ئێستاش کە کاتی دروێنەیە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد دەکەن.
خۆپیشاندەرێکی دیکە دەڵێ: حکوومەتی عێراق کە هاوکاریی و پشتیوانی جووتیاران و کشتوکاڵی کوردەکان ناکات، باشتر وایە ڕێگریش نەگات.
جووتیارێکی بە ساڵاچووش دەڵێ: هەرچییەک خراپ بێت بەرانبەر بە کوردی دەکەن. داواش لە بەرپرسانی کورد و پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا دەکەن بەبێ جیاوازی بە دەم داواکاریی جووتیارانی کوردەوە بێنن.
لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، سوپای عێراق بەردەوام کێشەی بۆ جووتیارانی کورد دروست کردووە و هەر لە کاتی داچاندنی زەوییەکانەوە تاوەکوو ساتی دروێنە کرد، زۆرجاریش بە دەسیسە لەلایەن عەرەبی هاوردە، گڕ بەردراوەتە گەنم و جۆی جووتیارانی کورد، بەر لەوەی دروێنە بکرێت.