ئیسرائیل کشانەوەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەئەگەرێکی کراوە دەزانێت

K24- هەولێر

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئیسرائیل کشانەوەی لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەئەگەرێکی کراوە دەزانێت، دەشڵێت، نەتەوەیەکگرتووەکان دوو ڕووانە مامەڵەکە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

جەلعاد ئێردان باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان لە رەگەوە تووشی کێشە و ئاڵنگاریی بووەتەوە، هەربۆیە کشانەوەی ئیسرائیل لەو رێکخراوە ئەگەرێکی کراوەیە.

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان باسی لەوەشکرد، ئەگەر پێیانوابێت کشانەوەیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان رێکخراوەکە ناچار بە چاکسازی ریشەیی دەکات ئەوە دەکشێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە وای بۆ دەچن کشانەوەیان دووژمنەکانی ئیسرائیل بە هێزتردەکات.

جەختی لەوەشکردەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان دوو ڕووانە مامەڵەکە لەگەڵ ئیسرائیل دەکات، میدیاکارانیش دەیانەوێت جیهان لە ئیسرائیل بکەنە دووژمن.