خۆپێشاندانی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران زیادی کردووە

خۆپێشاندانی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران
خۆپێشاندانی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران

K24 - هەولێر

بە نزیکبوونەوە لە1ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران؛ خۆپێشاندانی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران زیادی کردووە. هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانانی کرێکاری و مەدەنی دەستبەسەر دەکرێن و دەیان کرێکار لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە.

بە نزیکبوونەوەی لە 1ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بەهۆی کەڵەکەبوونی کێشە و گرفتەکانیانەوە؛ خۆپێشاندانی کرێکاران و مانگرتنی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ئێران زیادی کردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، 28-04-2024، خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی شاری ئەراک و کرێکارانی کاغەزی پارسی حەفت‌تەپە و خانەنشینانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی شاری شووش، دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و لە دروشمەکانیاندا بەرپرسانی وڵاتەکەیان بەوە تۆمار کرد کە کارەکانیان لێ تاڵان کردوون.

هاوکات لە ڕۆژی شەممەوە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە جووتسایدی بابایی تاران و شاری کرمان و شاری عەسەلوویەی بووشەهر و دەشتیاری سیستان و بەلووچستان دژی کەمکردنەوەی بەشەسووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانیان دەستیان بە مانگرتن کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان کۆمپانیای نەوتی ئێران بەشەسووتەمەنیی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانەی لە سێ هەزار لیترەوە کەم کردووەتەوە بۆ 500 لیتر، ئەوەش بووەتە هۆکاری لەکارکەوتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، نزیکەی 170 کرێکاری بەشی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانیی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و کەناڵی تەلەگرامی ئەنجوومەنی کرێکاران و وەستاکارانی بانە ڕایگەیاندووە، ئەو کارە بە گوشاری دامەزراوە دەستڕۆیشتووەکانی حکوومەت جێبەجێ کراوە.

هاوکات ئەوەش بڵاو کراوەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا ژمارەیەک لە چالاکانی کرێکاری و مەدەنیی شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە خراونەتە ژێر چاودێری و لێکۆڵینەوەوە.

Fly Erbil Advertisment