یەکێتی ئەوروپا میوانداری هەشتەمین کۆنفرانسی پشتیوانی داهاتووی سووریا دەکات

K24 – هەولێر
کۆمیسیۆنی ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 30ی نیسانی 2024 میوانداری هەشتەم کۆنفرانسی برۆکسل دەکات بۆ پشتیوانی داهاتووی سووریا و ناوچەکە دەکات، کە تەوەری سەرەکی کۆنفرانسەکە جەخت کردنەوەیە لە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ خەڵکی سووریا و پەنابەرانی سووری لە وڵاتان.
بە گوێرەی کارنامەی کۆنفرانسەکە، ئەمڕۆ بە بەشداری یەکێتی ئەوروپا و لایەنەکان پەیوەندیدارەکان، شەش تەوەری گفتوگۆیان لە سەر دەکرێت بە ئامانجی چۆنێتی وەڵامدانەوەی قەیرانەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ناوخۆی سووریا و تەواوی ناوچەکە.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا جەختیکردووەتەوە، کۆنفرانسی ئەم ساڵ هەوڵەکانی زیاتر لە سەر چۆنێتی ڕێکخستنەوەی هاوکاریی و پشتیوانییە مرۆیی و دارایی و سیاسییەکانە بۆ خەڵکی سووریا لەگەڵ چۆنێتی هاوکاری کردنی کاری ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چڕ دەکاتەوە.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕاشیگەیاندووە، یەکێتی ئەوروپا گەورەترین پاڵپشتی کاری خەڵکی سوویا و ناوچەکەیە، لە سەرەتای دروستوونی ئاڵۆزیی و قەیرانەکانی سووریا لە 2011ـەوە تاوەکوو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 35 ملیار دۆلار هاوکاری خەڵکی سووریا و پەنابەرانی سووری کردووە.
یەکێتی ئەوروپا لە حەوتەمین کۆنگرەی تایبەت بە داهاتووی سووریا کە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو هەر لە برۆکسل بەڕێوەچوو، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاری تەرخانکردنی شەش ملیار دۆلاری دا بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی لێقەوماوی ناوخۆی سووریا و ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی سووری دەحەوێننەوە، لەو هاوکارییە ماددیەدا پشکی یەکێتی ئەوروپا 4.07 ملیار دۆلار بووە.