مەریوان قەرەنی: ڕەفتارەكانی سوپای عێراق لە سنووری كەركووك بەردەوام بن، هەڵوێستمان دەبێت

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی
مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیامێکی ناڕەزایی بەرامبەر ڕەفتارەكانی سوپای عێراق لە سنووری كەركووك بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەگەر ئەو ڕەفتارانە بەردەوام بن، هەڵوێستیان دەبێت.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "بەداخەوە هەموو ساڵێك لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی دانەوێڵەی جووتیارانی كورد، عەرەبە هاوردەكان، ئەوانەی لە سایەی سیاسەتی تەعریبی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو هێندراونەتە سەر زەویوزاری كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بە پاڵپشتیی سوپای عێراق، هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی زەوییەكانی كوردان بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیانەوە دەدەن".

مەریوان قەرەنی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەرچەندە ئەم دیاردەیە لەو سەردەمانە بوونی نەمابوو كە ناوچەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستاندا بوو، بەڵام بەداخەوە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری لایەنێكی كوردستانی، بووە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە شۆڤێنییەكان ورەیان بێتەوە بەر و خەون بە داگیركاریی زیاتری كوردستانەوە ببینن".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، "ئەوەی نیگەرانییەكەمانی زیاتر كردووە، ئەوەیە كە لە شەوی یەکشەممەوە، 28-04-2024، جووتیارانی هەندێك ناوچەی سنووری كەركووك، بە تایبەتیش لە چەند گوندێكی سنووری پردێ، باس لەوە دەكەن كە لە لایەن سوپای عێراقەوە هەڕەشەیان لێكراوە و دروێنەكردنی دانەوێڵەیان لێ قەدەغە كراوە."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی دووپاتی دەکاتەوە، "جووتیارانی كورد لەسەر زەوییەكانی موڵكی باب و باپیریانن، هەر جۆرە دەستدرێژییەك و هەوڵێك بۆ داگیركردنی زەوی و زارەكانیان ڕەت دەكەینەوە و دژی دەوەستینەوە. داوا لە سوپای عێراق دەكەین بەپێی دەستوور و یاساكان ڕەفتار بكات و نەبێتە ئامرازێك بۆ دژایەتیكردنی هیچ پێكهاتەیەك لە پێكهاتەكانی عێراق".

لە کۆتایی پەیامەکەی مەریوان قەرەنیدا هاتووە، "بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەم رەفتارانە بەردەوام بن، هەرێمی كوردستان و گەلی كورد مافی گرتنەبەری هەموو ڕێگەیەكی هەیە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی ڕۆڵەكانی، ئێمەش لەم ڕوانگەیەوە هەرچی لە دەستمان بێت لە وەستانەوە دژ بە ئەم زوڵمەی لە جووتیارانی كورد دەكرێت، درێغی ناكەین".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ڕۆژی یەکشەممەوە، 28-04-2024، بە بڕیاری فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، سەرجەم جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک ئاگەدارکراونەتەوە کە دروێنەی بەرووبوومەکانییان قەدەغەیە و هەرکەسێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت.