کۆبوونەوەی دادگەی فیدراڵی قوتابییانی خوێندنی پەروەردەی عێراقی لە هەرێم هێنایە دەنگ

خۆپیشاندانی قوتابییانی پەروەردەی عێراق - هەولێر
خۆپیشاندانی قوتابییانی پەروەردەی عێراق - هەولێر

K24 - هەولێر

قوتابییە ئاوارەکانی عێراق لە هەولێر لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق گردبوونەتەوە و ناڕەزایی دەردبڕن کە بڕیاری داخستنی کەمپی ئاوارەکان و قوتابخانەکانییان کاریگەرییەکی خراپی لە سەر داهاتووی ئەوان دەبێت کە ژمارەیان 148 هەزار قوتابین لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

ئەمە دووەمین گردبوونەوەی قوتابییانی خوێندنی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، ئەوان دژی داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردە و کەمپەکان و بە زۆر گەڕاندنەوەن بۆ شارەکانی عێراق.

هەروەها داوا لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن بە بڕیاری داخستنی کەمپ و قوتابخانەکانیان دابچێتەوە، چونکە بەهۆی بڕیارەکەوە چارەنووسی 148 هەزار قوتابی لەبەردەم هەڕەشەی بێ بەشبوونە لە مافی خوێندن.

شاخەوان سەباح چالاکی مەدەنی بۆ کوردستان24 گوتی: داواکاری ئەو قوتابییانە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و لە خوێندن بەردەوام بن، چونکە هەیانە زیاتر لە 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن، بۆیە ئەمڕۆ بەشێک لە قوتابییەکان لە سلێمانیی و دهۆکەوە هاتوونەتە هەولێر تا لەم گردبوونەوەیە ئامادەبن و داوای مافی خوێندن بکەن، هەر بۆیە ئێمەش پشتیوانیان دەکەین و داوا لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین بە هانای ئەو قوتابیانانەوە بێت و لە چارە کردنی گرفتە هاوکاریان بکات.

کچە قوتابییەکی بەشداربوونی خۆپیشاندانەکە کە ناوی مەریەمە بۆ کوردستان24 گوتی: ئێمە نامانەوێت قوتابخانە و نووسینگەی نوێنەرایەتی پەروەردەی عێراق داخرێت، ئێمە دەمانەوێت لێرە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان بەردەوام بین لە خوێندن، چونکە هەرێمی کوردستان ئارام و سەقامگیرە، بەڵام حکوومەتی عێراق نیازیانوایە بە زۆر بمانگەڕێننەوە، بەڵام ئێمە قەبوڵی ناکەین و دژی هەر بڕیارێکی زۆرەملێین.

مەریەم دەشڵێت: ناوچەکانی ئێمە نە خزمەتگوزار تێدایە نە ئاسایش و سەقامگیری، هەر بۆیە ئاسایش و سەقامگیری هۆکارە بۆ ئەوەی بریارمانەوە لە هەرێمی کوردستان بدەین.

خۆپیشاندان و گردبوونەوەی قوتابییانی خوێندنی پەروەردەی عێراق لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی یەکەم کۆبوونەوەی لە سەر سکاڵای داخستن کەمی ئاوارەکان و قوتابخانەکان و نووسینگەی قوتابخانەکانی خوێندنی عێراق دابخات. بۆ ئەوەی ئاوارەکان بەزۆر بگەڕێننەوە ناوچەکانیان

پێشتریش ڕۆژی 29ی شوباتی ئەمساڵ لەبەردەم نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی عێراق لە هەولێر وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی ڕایانگەیاند، داخستنی کەمپ و قوتابخانەکەیان دەچێتە چوارچێوەی ڕاگواستنێکی زۆرەملێ، بە تایبەت ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان، کە ژمارەیان 24 کەمپ دەبێت و لەم کاتە و دۆخەدا بەهۆکاری ئەمنی ناتوانن بگەڕێینەوە.

داواشیان کرد مافە دەستوورییەکانیان جێبەجێ بکرێت، لە نێویاندا ماددەی 33ی دەستووردا، کە جەخت دەکاتەوە لەوەی پەروەردە و فێرکردن مافی تەواوی عێراقییەکانە بە دروستکردنی قوتابخانە و ناوەندە رۆشنبیرییەکان، هەروەها لە ماددەی 34دا هاتووە، مافی خوێندن و فێربوون بۆ تەواوی عێراقییەکانە بەبێ بەرانبەر و بە خۆڕایی لە تەواوی قوتابخانە، زانکۆو پەیمانگەکانی.

هەروەها داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد هاوکارییە ئەمنی و مرۆییەکان بۆ تەواوی ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان دابین بکات بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان. بەڵام بە داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتییەکانی پەروەردەی عێراق و کەمپەکان و بەبێ چارەکردنی کێشەی ئاوارەکان، دەرگای کێشەیەکی گەورەتر دەکاتەوە، بە تایبەت خەڵکی شنگال و جورفولسەخر بە ناچاری دەبێت لە کەمپەکان بمێننەوە".

Fly Erbil Advertisment