هه‌فته‌ی داهاتوو سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سه‌ردانی ئێران ده‌كات

ڕافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم
ڕافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم

K24 - هەولێر:

هه‌فته‌ی داهاتوو سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی كه‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، سه‌ردانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كات.

ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممه‌ 30ـی نیسانی 2024) بڵاوی كرده‌وه‌، له‌سه‌روبه‌ندی زیادبوونی مه‌ترسیی هێرشكردنه‌ سه‌ر پێگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران له‌لایه‌ن ئیسرائیلیه‌وه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو ڕافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم سه‌ردانی تاران ده‌كات.

له‌م باره‌یه‌وه‌ گوته‌بێژی ئاژانسه‌كه‌ به‌ فرانس پرێسی گوت: "به‌ دروستی ڕافائێل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، له‌ رۆژانی 6 و 7ـی مانگی ئایار سه‌ردانی ئێران ده‌كات و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌".

پێشتریش وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیهان، کە بە گرووپی حەوت ناسراون ڕایانگه‌یاند بوو، نابێت تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

هه‌روه‌ها گرۆسی پێشتر ڕایگه‌یاند بوو، ئێران لە سەرووی ئاست و پێویستییە بازرگانییەکانی، لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەڕێژەی بەرز بەردەوامە، هەر بۆیە لە چالاکییەکاندا تەواو ڕوون نییە.

بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ساڵی 2015، ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکان تەنیا بۆی هەیە یۆرانیۆم بە رێژەی 3.67% بپیتێنیت، بەڵام دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، تاران پابەندییەکانی بۆ ناوەڕۆکی ڕێککەوتننەکە هەڵپەسارد و دەرفەتی خێراترکردنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمی قۆزتەوە، بە بڕ و ڕێژەی زیاتر.