کوێستان محەممەد: لە سەدا 60ـی کرێکاران دەستەبەر کراون

K24 - هەولێر

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕیاگەیاند، کارنامەی کابینەی نۆیەم، زۆر بەگرنگییەوە باس لەکەرتی تایبەت و بێکاری و کرێکاران دەکات.

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەگەر سەیری کارنامەی کابینەی نۆیەم بکەین، زۆر بەگرنگییەوە باس لەکەرتی تایبەت و بێکاری و کرێکار دەکات. کە ئەمانە هەمویان پێکەوە بەستراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوکاتی دەستبەکاربووم، لە 10% کرێکار دەستەبەر کرابوون، بەڵام ئێستا گەیاندوومانەتە 60%، هەروەها داهاتی سندوق زیاتر لە 300 ملیار دینار بوو، ئێستا گەیاندوومانەتە زیاتر لە ترلیۆنێک و 51 ملیار دینار، واتە سێ هێندە زیاتر داهاتی سندوق زیادی کردووە. ئەمەش واتە ژمارەی شوێنی کار و ژمارەی کرێکاری دەستەبەر زیادی کردووە.

کوێستان محەممەد ڕاشیگەیاند، گرنگی تایبەتمان بە مافەکانی کرێکاران داوە، هەروەها یاسای کارمان ئامادەکردووە و ناردومانەتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەوانیش پەسەندییان کردوو ناردیانە پەرلەمان، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان یاساکە کاری پێنەکراوە.

 وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیمان ئامادەکرد، ئەنجوومەنی شورا ناردییە ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام گفتوگۆی لەسەرنەکرا تاوەکو ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. واتە وەزارەت دوو یاسای گرنگی ئامادە کردووە.

دەشڵێت: بۆ یەکەم جارە دوای ئەو هەموو ساڵە وەزارەتی کار، ڕێنمایی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی ئامادە بکات و بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بڕیاری 172ـی ئەنجوومەنی کە تایبەتە بەوەی هەموو شوێن کارێک ئەبێت لە 75% کرێکاری خۆماڵی بێت، ئەو ڕێنماییەش وەزارەت دەریکردووە کە ئەو ڕێژەیە ئەبێت دەرچووی دانەمەزراو بێت.

مێژووی رۆژی کرێکاران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1800ـەکان. ئەو کاتە کرێکارەکانی ئەمەریکا هەفتەی حەوت رۆژ و رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر لە دۆخێکی سەخت و بەبێ بوونی هیچ مەرجێکی سەلامەتی کاریان دەکرد.

دواتر لە سەرەتای 1800ـەکان یەکێتییەکانی کرێکاران لە ئەمەریکا دەستیان کرد بە رێپێوان و داوای کەمکردنەوەی کاتەکانی کاردنیان بۆ 8 کاتژمێر کرد. هەروەها بۆ یەکەم جار لە 5ی سێپتێمبەری 1882 کرێکاران لە ئەمەریکا کۆبوونەوە بە ڕێپێوان داوای مافەکانیان کرد.

فشاری کرێکاران وایکرد، لە ساڵی 1894 کلیڤلیند، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا رۆژی کرێکارانی وەک پشووی فەرمی لە سەرانسەری وڵات راگەیاند. ئێستا زیاتر لە 80 وڵات 1ی ئایار وەک رۆژی کرێکاران و پشووی فەرمی یادی دەکرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment