ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکووک بە تۆمەتی "بەرتیل وەرگرتن" دەستگیر کرا

ئەو ئەفسەرەی دەستگیر کراوە لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە
ئەو ئەفسەرەی دەستگیر کراوە لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە

K24 - هەولێر

هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک ئەفسەرێکی پۆلیسیان بە پلەی "عەقید" دەستگیر کرد کە لە ماوەی ڕابردوو، لە بەرامبەر ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان داوای بڕە پارەیەکی زۆری کردبوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-05-2024، نووسینگەی کەرکووکی دەستەی دەستپاکی عێراق بە هاوکاریی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، لە ئۆپەڕاسیۆنێکدا توانییان ئەفسەرێکی پۆلیس بە پلەی "عەقید" دەستگیر بکەن کە لە ماوەی ڕابردوودا بەرتیلی لە چەند هاووڵاتییەک وەرگرتووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەو ئەفسەرە بریکاری بەرپرسی بنکەی پۆلیسی "ڕەحیماوا"ـی شاری کەرکووک بووە و لە ماوەی ڕابردوودا لە بەرامبەر ڕاییکردنی کارەکانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان، داوای بڕە پارەیەکی زۆری کردووە؛ هێزە ئەمنییەکانیش لەسەر سکاڵای یەکێک لەو هاووڵاتییانە و بە بڕیاری دادوەر، ئەفسەرەکەیان دەستگیر کردووە.

وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، لە کاتی دەستگیرکردنی ئەفسەرەکە، بڕە پارەیەکی لابووە کە بە زیاتر لە دوو هەزار و 300 دۆلار دەخەمڵێنرێت و دەستی بەسەردا گیراوە. هەروەها توانراوە دەست بەسەر بڕە پارەیەکی دیکەشدا بگیرێت کە زیاتر بووە لە یەک ملیۆن دینار.  

Fly Erbil Advertisment