زۆربه‌ی باخچه‌ و سه‌وزاییه‌كانی به‌غدا لەناو دەچن

K24 - هەولێر:

دره‌خت، باخچه‌ و سه‌وزاییه‌كانی زۆربه‌ی ناوچه‌كانی به‌غدا فه‌رامۆش كراون و لایەنە بەرپرسەکان چاودێرییان ناكەن و خەریکن وشک دەبنەوە و لەناو دەچن.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا حكوومه‌تی عێراق له‌ ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی نه‌مامچاندنی له‌ به‌غدا ده‌ست پێ كردووه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت لایه‌نی به‌رپرس لە سەرپەرشتیی  باخچه‌ و سه‌وزاییه‌كانی زۆربەی ناوچه‌كانی به‌غدا كه‌مته‌رخه‌مه‌.

زۆربه‌ی ئه‌و نه‌مامانه‌ی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چێندراون و خه‌رجییه‌كی زۆریان بۆ ته‌رخان كراوه‌، خه‌ریكه‌ له‌ناو ده‌چن و ئاسه‌وارییان نامێنێت.

هاووڵاتییانی به‌غدا گله‌ییان له‌ لایه‌نی به‌رپرس هه‌یه‌ كه‌ بایەخ به‌ نه‌مامه‌كانی سه‌ر شۆسته‌كان و باخچه‌ و ناوچه‌ سه‌وزاییه‌كان نادات، له‌ كاتێكدا وه‌رزه‌كه‌ به‌ره‌و گه‌رمی ده‌ڕوات و نه‌مام و ناوچه‌ سه‌وزاییه‌كان پێویستیان به‌ ئاو هه‌یه‌، به‌ڵام كه‌مته‌رخه‌میی له‌ پاراستن و چاودێری کردنیان هه‌یه‌.