مانگی ڕابردوو نۆ بوومەلەزرە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون

K24 – هەولێر:
بەگوێرەی زانیارییەکانی دەستەی گشتیی کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی عێراق، لە مانگی نیسانی ڕابردوو، نۆ بوومەلەرزە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
ڕۆژی چوارشەممە (1ـی ئایاری 2024) دەستەی گشتیی کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاند، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، نۆ بوومەلەرزە لەنێو خۆی سنووری عێراق و 10 بوومەلەرزەش لە نێوخۆی ئێران و تورکیای نزیک لە سنووری عێراق تۆمار کراون.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بوومەلەرزانەی تۆمار کراون لە مانگی نیسان، چواریان لە پارێزگای دهۆک، دوو بوومەلەرزەش لە هەولێر و دوو بوومەلەرزەش لە کەرکووک و بوومەلەرزەیەکیش لە پارێزگای سلێمانی روویان داوە.
هاوکات لەبارەی گوڕی بوومەلەرزەکانیش، دەستەکە ئاشکرای کردووە، ئەو بوومەلەرزانەی لە مانگی ڕابردوو تۆمار کراون، گوڕەکەیان لە نێوان دوو بۆ سێ پلەی ڕێختەر بووە و قووڵییەکانیشیان لە پێنج بۆ 35 کیلۆمەتر بووە.
دەستەی گشتیی کەشوهەوا و بوومەلەرزەزانی عێراق جەختی کردووەتەوە، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هیچ بوومەلەرزەیەک لە مانگی نیساندا تۆمار نەکراوە، هۆکەشی بۆ سرووشتی خاکی عەرەبی ئەو ناوچانە گەڕاندووەتەوە، بە جیاوازی لەگەڵ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافی و نزیکییان لە هێلی بوومەلەرزە.
هەروەها دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانەی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکانی عێراق تۆمارکراون، هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان لێ نەکەوتووەتەوە.