پەیامنێری کوردستان24: ڕووخانی دیوارێک لە کۆڕێ قوربانی لێ کەوتەوە
K24 – هەولێر:
لە ئەنجامی بارانی بە لێزمە لە ناحیەی کۆڕێی سەر بە قەزای قەزای پیرمام، دیواری گۆڕستانێک بەسەر چەند هاووڵاتییەکدا دەڕووخێت و هەندێکیان بریندار دەبن.
ڕۆژی چوارشەممە (1ـی ئایاری 2024) پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند لە ئەنجامی ڕووخانی دیواری گۆڕستانی کۆنی کۆڕێ، چوار ژن بریندار بوون، دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە یەکێکیان مردووە.
بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی کوردستان24 بڵاو کراوەتەوە، چەند هاووڵاتییەک بە تەنیشت دیوارەکەدا دەڕۆن لە ناکاو، دیوارەکە بەسەریاندا دەڕووخێت و لەو کاتەشدا، چەند هاووڵاتییەکی دیکە خەریکی تۆمارکردنی ڤیدیۆی بارانەکەن.
دوو ڕۆژە شەپۆلێکی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشتریش دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، "ئەو شەپۆلە بارانەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، تا ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (6ـی ئایاری 2024) بەردەوام دەبێت".
هەروەها بهڕێوهبهرایهتی كهشناسی و بوومهلهرزهزانی ههرێمی كوردستان ڕۆژی سێشەممە (30ـی نیسانی 2024) ڕایگەیاند، ئەمشەو و ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بارانێکی زۆر دەبارێت و هۆشداری دایە هاووڵاتییان له ئهگهری ڕوودانی لافاو پابهندی ڕێنماییەکان بن.
بۆ بینینی گرتەڤیدیۆیەکە ئێرە کیلیک بکە.