كه‌شتی فڕۆكه‌هه‌ڵگری فوجیانی چینی، یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی زه‌ریایی كرد

K24 – هەولێر:
چین هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌هێزبوون و ئاماده‌یی خۆی لە زەریای هێمن و دەرەوەی زەریای هێمن ده‌چەسپێنێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش كه‌شتییه‌كی به‌ناووبانگ بۆ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی زه‌ریایی به‌ڕێ كه‌وت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 1ـی ئایاری 2024) كەشتی فوجیان (Fujian)ـی فڕۆكه‌هه‌ڵگری چینی بۆ یەکەم تاقیکردنەوەی زەریایی بەڕێ کەوت، ئەمەیش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەهێزکردنی هێزی زەریایی چین لەکاتێکدا هەوڵدەدات ئامادەیی خۆی لە زەریای هێمن و دەرەوەی زەریای هێمن بچەسپێنێت.
"فوجیان" سێیەم کەشتی فڕۆکەهەڵگری چینییە لە دوای "لیاونینگ" و "شاندۆنگ"، هەروەها تا ئێسته گەورەترین کەشتییە کە سەر بە هێزی زەریایییه.
ئاژانسی هەواڵی نوێی چینی "شینخوا" ڕایگەیاندووە، کەشتییەکە به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه حه‌وزی کەشتیوانیی جیانگنان لە ڕۆژهەڵاتی شەنگەهای بە جێ هێشتووە و تاقیکردنەوە ده‌كات بە مەبەستی "تاقیکردنەوەی متمانەپێکراوی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە و دڵنیایی و سەقامگیریی سیستەمی پاڵنەر و سیستەمی کارەبایی."
چین لە ساڵانی ڕابردوودا هێزی زەریایی خۆی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر کردووە، لە کاتێکدا هەوڵ دەدات ئامادەیی خۆی لە زەریای هێمن فره‌وان بکات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش به‌ره‌نگاری هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتیی ئەمه‌ریکا ببێته‌وه.
گرژییەکان لە زەریای باشووری چیندا کە ناکۆکی لەسەرە به‌رده‌وامیان هه‌یه و چین دووپاتی ده‌كاته‌وه مافی خۆیه‌تی سەروەری خۆی بەسەر نزیکەی هەموو ئەو زەریایەدا بچه‌سپێنێت، هەروەها ئه‌و گرژییانه لە دەوروبەری دوورگەی تایوان کە کەشتی فڕۆکەهەڵگری شاندۆنگ تێیدا جێگیر کراوە، بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە لە مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌م ساڵدا لە لایەن دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێسەوە بڵاو کرایەوە و بە پشتبەستن بە وەزارەتی بەرگری، هێزی زەریایی چینی بە گەورەترین هێزی دەریایی لە جیهاندا وەسف کرد، به شێوه‌یه‌ك پێشبینی كردووه تاكوو ساڵی 2030 پتر گەشە بکات و 435 کەشتی لە خۆ بگرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، چین له زیادکردنی کەشتییە زەریاییەکان ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ تایوان لە ڕووی سەربازییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئه‌و دوورگه‌یه بكات ئەگەر پێویست بێت و بتوانێت زیاتر ناوچه‌كه كۆنترۆڵ بكات یان هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ناوچه زه‌ریاییه‌كانی نزیك سنووره‌كانی خۆی بەتایبەت دەریای باشووری چین بسه‌پێنێت.
ئه‌و ڕاپۆرته سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشابوو، چین دەیەوێت هێزە زەریاییەکانی بتوانێت ڕێگری لە دەستوەردانی ئەمه‌ریکا بکات لە ئەگەری سەرهەڵدانی ململانێیەک لە زەریاکانی نزیک سنوروه‌كانی خۆی سەبارەت بە تایوان یان هەر پرسێکی دیكه، یانیش ئەگەر له‌و كاره‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، لانی كه‌م بتوانێت گه‌یشتنی كه‌شتی و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌كه دوا بخات و كاریگه‌رییه‌كانیان كه‌م بكاته‌وه.
شرۆڤه‌كارانی ناوه‌ندی توێژینه‌وه‌ی (CSIS) له واشنتن دەڵێن، پێشبینی دەکرێت كه‌شتی فوجیان سیستەمی بەرزبوونەوەی پێشکەوتووتری تێدا بێت کە ڕێگە بە هێزی ئاسمانی چین دەدات فڕۆکەكانی به بارێكی قورس و گه‌وره و هاوكات سووته‌مه‌نییه‌كی زۆر زیاتر هه‌ڵبگرێت.
سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌یش ڕاكێشاوه، کەشتییەکە بە شێوەیەک دروست کراوە کە گەورەترین شوێنی شەڕ کردن لە هێزی زەریایی سوپای ئازادی گەلی چین دابین بکات و توانا دەریاییەکانی چین بە شێوەیەکی بەرچاو پێشبخات.
كه‌شتی فوجیان بۆ یه‌كه‌م جار له 17ـی حوزه‌یرانی 2022 له شاندۆنگ دابه‌زی. درێژییه‌كه‌ی 320 مه‌تره و پانییه‌كه‌ی 73 مه‌تره. له جۆری 003ـیه و 57،000 تۆن هه‌ڵده‌گرێت.
له به‌رامبه‌ردا كه‌شتی جیراڵد فۆردی ئه‌مه‌ریكی درێژییه‌كه‌ی 333 مه‌تره و پانییه‌كه‌ی 77 مه‌تره. بزوێنه‌ری پاڵنه‌ره‌كه‌ی ئه‌تۆمییه و له یه‌ك كاتدا توانای هەڵفڕاندنی سێ فڕۆكه‌ی هەیە.