لایەنە سیاسییەکان لە چاوەڕوانی دانانی وادەیەکی نوێن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی زانیارییەکان، چەند پێشنیازێک خراونەتەڕوو، بۆ ئەو تێبینیانەی پارتی و پێکهاتەکان لەسەر هەڵبژاردن هەیانە لەبەرچاو بگیرێن و وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.

سکرتێری زەحەتکێشانی کوردستان بۆ کوردستان24 ئاشکرای دەکات: پێشنیازێک ھەیە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆببنەوە بۆ یەکلایکردنەوەی پرسی ھەڵبژاردن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چەند پێشنیازێک بۆ دیاری کردنی وادەیەکی نوێ بۆ ھەڵبژاردن خراونەتەڕوو، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە نزیکترین کاتدا، پرسی ھەڵبژاردن یەکلای بکرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ھۆگر چەتۆ، شارەزای بواری ھەڵبژاردن ئاماژە بەوە دەکات: پارتی هێزێکی سەرەکییە لە هەرێمی کوردستان کە ڕازی نییە و بەشداری هەڵبژاردن ناکات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەبێت گفتوگۆ بکات بۆ دانانی میکانیزمێک کە هەموو لایەنەکان لەسەری کۆک بن.

دوای کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان چاوەڕوانی کۆبوونەوەیەکی یەکلایی کەرەوەن لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بە کۆدەنگی وادەیەکی نوێ و میکانیزمێکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری پارتی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: چاوەڕێی کۆبوونەوەی هەموو لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداری بکەن و تێیدا بگەنە تێگەیشتنی هاوبەش و نایانەوێت هەڵبژاردنێک بکرێت بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر ببات و داواشی کرد، نەتەوەیەکگرتووەکان بێتە سەر هێل بۆ ئەوەی گرێنتییەکی باشتر بۆ کردنی هەڵبژاردن هەبێت.

هەفتەی ڕابردوو بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ هەر چوار سەرۆکایەتییەکە و سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە کۆبوونەوەدا بوو، کە پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.