له لیستی سزادراوانی وهزارهتی گهنجینهی ئهمهریكا بهرپرسانی پێشوو و ئێستای حكوومهتی عێراق ههن

K24 – هەولێر:
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لیستی ئەو كەس و لایەنانەی كە لە عێراق لە ماوەكانی ڕابردوودا، سزای بەسەردا سەپاندون بڵاوكردووەتەوە کە بهرپرسانی پێشوو و ئێستای حكوومهتی عێراق لەخۆدەگرێت.
ئەو بەرپرس و گرووپ و کۆمپانیا عێراقییانەی لە لیستی سزادراوانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادا تۆمارکراون، جگە لە سزاکانی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، هەروەها ئەو گرووپ و كۆمپانیا عێراقیانەی ھاوكاریی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووە هەن کە خۆیان لە بلۆككردنی سەروەت و سامانی دارایی و قەدەغەکردنی بازرگانی و گەشتکردن دەبیننەوە.
سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا یەکێکە لەو ڕێوشوێنانەی، ئەمەریکا لە دژی ئەو کەس و لایەنانەی بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکە پێشێل دەکەن، دەگرێتەبەر.
پێش ساڵی 2003، سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بەشێک لە ئەندامانی حزبی بەعسی عێراقی لەخۆ گرتبوو، كە دیارترینیان سەرۆك كۆمار، وەزیری دەرەوە و بەرگری پێشووی عێراق بوون، لەگەڵ ئەمینداری حزبی بەعس.
لەلایەكی دیكەوە، ئەمەریكا تاوەكو ئێستا چەندین كەس و كۆمپانیای عێراقی بە تۆمەتی ھاوكاریی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران خستووتە لیستی سزاكانییەوە، كە دیارترینیان؛ مەكی كازم ئەسەدی، محەممەد جاسم سادق، كۆمپانیای فلای بەغدا و بانکی ھاوكاریی ھەرێمیی ئیسلامین.
هەروەها حەشدی شەعبی ئامانجێكی دیكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بووە، كە تاوەكو ئێستا دەیان كەس لە سەركردە و ئەندامانی خراونەتە لیستی سزاكانی وەزارەتەكەوە، لەوانە؛ سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهل حەق و ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابیلۆن.
هاوکات كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی لەلایەن ئەمەریكاوە سەرنجێكی تایبەتییان خراوەتە سەر، لەو چوارچێوەیەشدا؛ چەندین كەس لە سەركردەی ئەو گرووپە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە سزادراون، كە دیارترینیان، عەدنان یونس حەمیداوی، ڕیاز عەلی حوسێن عەزاوی، جەعفەر حوسێنی و حوسێن محەممەد جابر مووسەوین.
بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو عێراق ھەمیشە ناوەندێكی دیاری سەرھەڵدانی گرووپە توندڕەوەكان بووە، لەوانە داعش و قاعیدە كە ئەمەریكا بەردەوام ئەم گرووپانەی خستووەتە لیستی سزاكانییەوە، ئەمە جگە لەو کەس و لایەنانەی پەیوەندییان بەو ڕێكخراوانە ھەبووە.
عێراق كە چەندین میلیشیا و گرووپی چەكداری نایاسایی لەخۆ دەگرێت و ھەریەكەیان ئەجێندای تایبەت بە لایەنێكی دەرەكی پەیڕەو دەکەن، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكاوە بە توندی سزادراون كە گرنگترینیان كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق، عەسائیب ئەھل حەق، بزووتنەوەی نوجەبان.
لە لیستەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكادا، ناوی دەیان كەسی دیكە بەرچاو دەكەوێت كە پێشتر و ئێستا پلە و پۆستی حكوومیشیان ھەبووە، لەوانە پارێزگاری پێشووی سەڵاحەددین و پارێزگاری پێشووی نەینەوا و پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندیی عێراق.