وەزارەتی کارەبا: هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێ کرد

کێڵگەی کۆرمۆر
کێڵگەی کۆرمۆر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێ کرد.

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێ کرد و پەستانی گاز بۆ  وێستگەکان بەرز بووەتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا هاتووە: بڕی 270 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجا گازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتووەتە وێستگەکان کە ئەمەش دەکاتە نیوەی توانای وێستگەکان.

وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کردووە: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممە (30ـی نیسانی 2024) لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیای دانەگاز کە وێنەیەکی بۆ کوردستان24 نێردراوە، جەختی لەسەر دەست پێ کردنی هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر کردووەتەوە.

کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاندبوو: بەگوێرەی ئەو هەنگاوە كردارییانەی گیراونەتەبەر لەلایەن هەردوو حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەهێزتركردنی سیستمی بەرگریی كێڵگەی گازی كۆرمۆر و وەرگرتنی بەڵێن و پابەندبوون لە ئاستی باڵا، دانەگاز و هاوبەشەكانی دەستیان بە ڕێكاری پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی كۆرمۆر، كردووە.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوە کرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

Fly Erbil Advertisment