بلینکن: ئەگەر حەماس خۆی بە خەمخۆر دەزانێت، بە ئاگربەست ڕازی دەبێت

ئەنتۆنی بلینکن ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جارێکی دیکە جەختی لەوەکردەوە، وڵاتەکەی بەهچ شێوەیەک پشتیوانی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح ناکات، چونکە ئیسرائیل دەتوانێت پلانی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حەماس لەو ناوچەیە بەکاربهێنێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشگەیاند، ئەگەر حەماس گرنگی بە خەڵکی غەززە دەدات، ئەوە ئەو ڕەشنووسەی بۆ ئاگربەست پێیاندراوە قبوڵی دەکەن.

ئەو وەزیرە گوتیشی: "نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی رەفەح روونە و گۆڕنکاریشی بەسەردانایەت. ئێمە پشتیوانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆسەر رەفەح لەباشووری غەززە ناکەین. چونکە هیچ پلانێک نییە کە دڵنیاییبدات هاووڵاتییە سڤیلەکانی ئەوێ زیانیان پێناگات."

ڕاشیگەیاند، تا ئێستە ئیسرائیل پلانی وەهای نەخستووینەتە بەردەست. بەڕای ئێمە "پلانی دیکە هەیە کە دەکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی حەماس بەکاربێت بەدەر لە ئۆپراسیۆن. لەگەڵ ئیسرائیل لە گفتوگۆکانمان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبین."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حەماس خۆی بە خەمخۆری خەڵک دەزانێت، دەبێت گرنگی بە رەشنووسی ئاگربەستەکە بدات، ئەگەر رەتیبکاتەوە واتە گرنگی بە خەڵکی فەڵەستین نادات.

ۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.