ئەمەریکا ڕووسیا بەبەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات

دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت
دوو ساڵ بەسەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا تێدەپەڕێت

K24 - هەولێر

ئەمەریکا، رووسیا بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، ئەو رەفتارەی رووسیا سەرپێچی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، رووسیا بۆ رووبەڕوبوونەوەی سوپای ئۆکرانیا، پەنای بۆ چەکی کلۆرۆپیکرین بردووە کە ماددەیەکی کیمیاییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت: ئەو چەکەی رووسیا دژی ئۆکرانییەکان بەکاریدەهێنێت ماددەیەکی کیمیاییە و تایبەتە بە بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکان گێرەشێوێنی دەکەن.

جەختی لەوەشکردەوە، ئەو رەفتارەی رووسیا سەرپێچی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە و بەتوندی لەسەر ئەم پرسە نیگەرانن.

ڕووسیا وەڵامی ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکا و ئۆکرانیای دایەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی ئۆکرانیا گوتی: ئەو زانیاریانە چەواشەکارانەیە.

هەروەها وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەین چونکە لەوانەیە ڕووسیا چەکی کیمیایی لە شاری ماریۆپول بەکارهێنابێت.

باڵیۆزی ڕووسیا لە واشنتن ئاماژەی بەوەکرد، توندڕەوەکانی ئۆکرانیا ئامادەن بابەتەکە گەورە بکەن، هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا زانیاری چەواشەکارانە بڵاودەکاتەوە.

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەر بەهۆی ئەو شەڕەوە بە دەیان هەزارکەس کوژراون و بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە لەو چەند هەفتەی دواییدا ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری بە گوژمەیی زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد.