لە مانگی ڕابردوو 37 کۆڵبەر لە سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە قوربانی

کۆڵبەرانی کورد
کۆڵبەرانی کورد

K24 – هەولێر

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ داکۆکیكردن لە مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، تەنیا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا 37 کۆڵبەری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکان بوونەتە قوربانیی و زۆرینەشیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران بوون.

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، لە مانگی ڕابردوو چوار کۆڵبەر کوژراون و 33 کۆڵبەری دیکەش بریندارکراون، لە نێویاندا دوو کۆڵبەری 16 ساڵان و یەکێکی 17 ساڵان هەن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

هەر لە ڕاپۆرتەدا هاتووە، مێهرداد عەبدوڵڵازادە خەڵکی سەردەشت، ئومێد سەیدی خەڵکی سنە، سەیوان دەست ئەفکەن خەڵکی مەریوان و شوانە ئەحمەدپوور خەڵکی بانە ئەو چوار کۆڵبەرە بوون کە لە مانگی نیسان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەر، دڵ و سینگیان پێکراوە و کوژراون.

هەروەها ئاماژەیداوە، زۆرترین حاڵەتەکانی قوربانیانی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراوە کە ژمارەیان 20 کەس بووە.

دابەشبوونی قوربانییان بەگوێرەی پارێزگاکان:

پارێزگای کرماشان

16 بریندار

پارێزگای سنە

3 کوژران

17 بریندار

پارێزگای ورمێ

1 کوژراو

هەر لە ڕاپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو هاتووە، قوربانییانی کۆڵبەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی نیسان بەراورد بە مانگی ئادار 59% کەمی کردووە، بەو پێیە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ 54 کۆڵبەر بوو بوونە قوربانی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. 

Fly Erbil Advertisment