ڕاپۆرتی داهات و خەرجییەکانی دوو مانگی عێراق بڵاوکرایەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی داهات و خەرجییەکانی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵی بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە %70ـی خەرجییەکانی عێراق بۆ مووچە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە کۆی داهاتی عێراق لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا 20 ترلیۆن و 465 ملیار دینار بووە، لەو بڕەش 18 ترلیۆن و 678 ملیار دیناری لە داهاتی نەوت بووە.

داهاتی نانەوتی عێراق لەماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ترلیۆنێک و 786 ملیار دینار بووە، بەو پێیەش %91ـی داهات بووە و تەنیا %9ـی لە داهاتی نانەوتی بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لەو دوو مانگەدا هەشت ترلیۆن و 121 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران خەرجکراوە و مانگانە زیاتر لە چوار ترلیۆن و 60 ملیار دیار بووە.

جیا لە خەرجییەکانی وەگەڕخستن، خەرجییەکانی وەبەرهێنان بریتیبوون لە ترلیۆنێک و 268 ملیار دینار و 773 ملیار دینار لەو خەرجییانەش بۆ کەرتە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە.