هیوا ئەفەندی: لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین پڕۆژەی ژێرخان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە

K24 - هەولێر
سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و تەکنەلۆجیا زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کوالێتی پڕۆژەکان گرنگە بۆ حکوومەت و هاووڵاتیی و لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین پرۆژەی ژێرخان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی ئایاری 2024، هیوا ئەفندی، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و تەکنەلۆجیا زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، پڕۆژەی حکوومەت زیاتر لەسەر دیجیتاڵ، بەژمارە نییە کە چەند دەکرێت، بەڵکو بە کوالێتییە کە گرنگە کواڵێتی چۆن بێت بۆ هاووڵاتییان و حکوومەتیش.
بەگوتەی ئەو سەرۆکی فەرمانگەیە، "هەندێک پڕۆژە بەڕێوە چووە، هەندێکیش چەند قۆناغکی ماوە لە هەر کابینەیەکی حکوومەت کە چوار ساڵە، لە سەرانسەری جیهان زۆر کەم لە سەرۆکوەزیرەکان هەیە بتوانن خۆیان لە پڕۆژەی ژێرخان بدەن، چونکە پڕۆژەی ژێرخان خەڵکی نایبینێت، ڕەنگە بەرهەمی ئەو پرۆژەیە لە کابینەیەکی دیکە ببینرێت و دەرکەوێت، لە کابینەی نۆیەمدا زۆرترین پڕۆژەی ژێرخان چووەتە بواری جێبەجێکردن و کراوە. ئەگەر ئەم پڕۆژە ژێرخانییە نەبن تۆ ناتوانیت حکوومەتێکی دیجیتاڵی دابنێیت."
ئەو سەرۆکە دەڵێت: "ئەو ژێرخانانەی کە سەرۆکی حکوومەت داویەتییە سەنتەری حکوومەت و کردوویەتی، ئەگەر سەنتەری حکوومەتت نەبێت بەدەیان پڕۆژەشت هەبێت و دیار نەبێت واتە تۆ هیچت نەکردووە. ستراتیجی حکوومەت زۆر گرنگە کە پڕۆژەکەت دیاربێت لەسەر چ بنەمایەک تۆ بەڕێوە دەچێت."
هیوا ئەفەندی ڕاشیگەیاند، "فەرمانگەی ئێمە فەرمانگەیەکی بچووک و پاڵپشتین، ئێمە ڕاستەوخۆ خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتییان دەکەین، ئەگەر ئێمە بەراورد بکەی بە وەزارەتەکانی دیکە، کە بەهەموو فەرمانبەرەکانمانەوە ناگەینە 120 بۆ 130 کەس. ئێمە کارێکی زۆر دەکەین بەو ڕێژە فەرمانبەرە کەمە."
دەشڵێت: "لەسەر فرمانی سەرۆکوەزیران سەرقاڵی دروستکردنی ئەپێکن کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی وەک نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، دانی باج و دەیان شتی دیکە دەباتە ناو مۆبایلی هاووڵاتیانەوە."
ئاشکراشیکرد، لەگەڵ تەواوبوونی ئەو ئەپە هاووڵاتیان دەتوانن لەسەدا 80ـی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت لەرێگەیەوە بەدەستبخەن و سەردانی فەرمانگەکان نەکەن.