په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا لێژنه‌یه‌ك بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستدرێژییه سێکسییه‌كانی ناوه‌ندیی ڕۆشنبیری پێك ده‌هێنێت

K24 - هەولێر:
پەرلەمانی فەرەنسا ڕەزامەندی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی لە سینەما و کەرتەکانی دیكه‌ی ڕۆشنبیریدا نیشان ده‌دا، ئەمەش دوای ئەوە دێت لەم دواییانەدا زۆرترین تۆمەتبارکردن لەم بوارەدا ڕووبه‌ڕووی ئه‌كته‌ران و كه‌سه دیاره‌كانی ناو ناوه‌ندیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری فه‌ره‌نسی كراوه‌ته‌وه.
ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه 2ـی ئایاری 2024) پەرلەمانی فەرەنسا ڕەزامەندی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی سێکسی و ڕەگەزی لە سینەما و کەرتەکانی دیكه‌ی ڕۆشنبیریدا دەربڕی.
په‌رله‌مانی فەرەنسا بە کۆی دەنگ، پێکهێنانی ئەو لێژنەیەی پەسەند کرد کە ئەکتەری ناوداری فه‌ره‌نسی گۆدێس گۆدرێش لە گوتارێکدا کە لە شوباتی ئه‌م ساڵدا لەبەردەم په‌رله‌مان پێشکەشی کرد، داوای پێكهێنانی كردبوو.
گۆدێس گۆدرێش خانمە ئەکتەر و دەرهێنەری فه‌ره‌نسی تەمەن 52 ساڵ، بووەتە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی "منیش" لە فەرەنسا لەو کاتەوەی هه‌ر دوو ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی بینۆیت جاکۆت و جاک دۆیۆنی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە تەمەنی هەرزەکاریدا دەستدرێژی سێکسییان کردووەتە سەری.
فرانسیسکا پاسکوینی، پەرلەمانتاری پارتی سەوز له په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا له‌و باره‌یه‌وه ڕایگەیاندووه، "کاتی ئەوە هاتووە واز لە ڕاخستنی فەرشی سوور بۆ بکەرانی پێشێلکارییەکان بهێنرێت".
ڕۆژی (دووشه‌ممه 29ـی نیسانی 2024) پۆلیسی دادیی پاریس گوێی له وته‌كانی جیرارد دیپاردیۆ، ئه‌كته‌ری دیار و به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی و جیهانی گرت، سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌تانه‌ی له باره‌ی ده‌ستدرێژی سێكسییه‌وه له لایه‌ن دوو ئافره‌ته‌وه ئاراسته‌ی كراون.
یه‌كێك له‌وانه‌ی سكاڵای له دژی دیپاردیۆ كردووه و ئه‌مڕۆ به‌هۆی سكاڵاكه‌ی ئه‌وه‌وه ناوبراو له لایه‌ن پۆلیسی دادیی پاریسه‌وه گوێ له وته‌كانی گیرا، ئافره‌تێكه كه له فیلمی لی ڤۆلیه ڤێر "Les Volets Verts" ئه‌ركی دیزاین و دیكتۆراتی هه‌بووه و گوتوویه‌تی، له ساڵی 2021 ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر.
هه‌روه‌ها سكاڵایه‌كی دیكه له لایه‌ن یاریده‌ده‌رێكی سینه‌ماوه دژی دیپاردیۆ پێشكه‌ش به دادگه كراوه، كه ئه‌و كه‌سه گوتوویه‌تی له ساڵی 2014ـدا له لایه‌ن دیپاردیۆوه ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته سه‌ر.
ڕۆژی (سێشه‌ممه 5ـی ئاداری 2024) میدیا فه‌ره‌نسییه‌كان بڵاویان كرده‌وه، ئه‌میلی، كچه دیزاینه‌رێكی دیكۆرات، سكاڵایه‌كی نوێی له دژی جیرارد دیپاردیۆ، ئه‌كته‌ری به‌ناووبانگی فه‌ره‌نسی تۆمار كردووه، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی له ساڵی 2001 له كاتی وێنه‌گرتنی فیلمێكدا له‌لایه‌ن ئه‌كته‌ره فه‌ره‌نسییه‌كه ده‌ستدرێژی سیكسی كراوه‌ته سه‌ر.
ئەمە سێیەم لێکۆڵینەوەیە کە ئەو ئه‌كته‌ره سینەماییە فەرەنسییە تەمەن 75 ساڵەی کردووه‌تە ئامانج.
ڕۆژی (یه‌كشه‌ممه 31ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) مارکۆ فێرارا، گوتەبێژی کەناڵی تەلەفزیۆنی گشتی سویسرا (RTS) ڕایگه‌یاند، كه‌ناڵه‌كه‌یان ئەو فیلمانەی لە بەرنامەکانیدا دوورخستەوە کە جیرارد دیپاردیۆ "یەکێک لە ڕۆڵە سەرەکییەکانی" تێیدا دەگێڕێت. ڕوونیشیكردووه‌ته‌وه دوای ئاشكرابوونی ئابڕووچوونە سێكسییه‌كانی دیپاردیۆ كه بووە هۆی هێدمە و جەنجاڵییەکی بەرفراوان، بڕیاریان دا به ڕاگرتنی هه‌ر فیلمێك كه ئه‌و ئه‌كته‌ره فه‌ره‌نسییه تێیدا ڕۆڵی كاریگه‌ر ده‌بینێت.
مارکۆ فێرارا ئاماژەی بەوەش کردووە، "کاتێک هەست دەکەین زۆرینەی بینەران بەهۆی کردارێک یان کارەکتەرێکەوە کە پێشتر قبوڵکراو بووە، تێک بچێت، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە بەرنامەکانماندا دەیخەینە دەرەوە".
ڕۆژی (دووشه‌ممه 25ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) نزیكه‌ی 60 هونه‌رمه‌ندی فه‌ره‌نسی له راگه‌یه‌ندراوێكدا پشتیوانی خۆیان بۆ جیرارد دیپاریدیۆ، ئه‌كته‌ری فه‌ره‌نسی ڕاگه‌یاند، كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2020ـوه تۆمه‌تی گێچه‌ڵ و ده‌ستدرێژی دراوه‌ته پاڵ. ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ڕایانگه‌یاندبوو ئه‌و هێرشه‌ی ده‌كرێته سه‌ر دیپاریدیۆ "له‌سێداره‌دانێكی بێ دادگاییكردنه" و هه‌مووان به‌رامبه‌ری ده‌وه‌ستنه‌وه.
هه‌روه‌ها سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه ڕاكێشابوو، دیپاریدیۆ دوایین گه‌وره‌ئه‌كته‌ری سینه‌مای نه‌وه‌ی ڕابردووه و ئه‌وان به په‌رۆشه‌وه له پاڵیدا ده‌وه‌ستن و به‌رگری لێ ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت هێرشێكه بۆ سه‌ر هونه‌ر به گشتی و هونه‌ری سینه‌مای فه‌ره‌نسی به تایبه‌تی.
له‌لای خۆیه‌وه ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا 19ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، پشتیوانی خۆی بۆ دیپاریدیۆ نیشان دا و ڕایگه‌یاند ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده ده‌كرێت بریتییه له "به‌ئامانجگرتنی به‌كۆمه‌ڵی هونه‌ر و سینه‌مای فه‌ره‌نسی"، هه‌روه‌ها سه‌رسامی خۆیشی به‌رامبه‌ر به‌و ئه‌كته‌ره و كاره هونه‌رییه‌كانی ده‌ربڕی.
ڕۆژی (سێشه‌ممه 19ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) ڕۆت پاسا، ژنه‌نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسی ئیسپانی ته‌مه‌ن 51 ساڵ ڕایگه‌یاند، سكاڵای یاسایی له دژی جیرارد دیپاریدیۆ، ئه‌كته‌ری فه‌ره‌نسی تۆمار كردووه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ساڵی 1995 له‌میانی چاوپێكه‌وتنێكی ڕۆژنامه‌وانیدا بۆ گۆڤاری "سینیمانیا"، ده‌ستدرێژیی سێكسی كردووه‌ته سه‌ر.
ڕۆت پاسا ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو ئه‌و كات ته‌مه‌نی 23 ساڵ بووه و دیپاریدیۆش ته‌مه‌ن 46 ساڵ بووه و به‌زۆر و به‌بێ خواستی خۆی ده‌ستدرێژیی كردووه‌ته سه‌ر و دواتر هه‌ستی به‌وه كردووه، كه به‌هۆی ئه‌و ده‌ستدرێژییه تونده‌وه "كه‌مئه‌ندام" بووبێ.
پاسا باسی له‌وه‌ش كردبوو، كه دیپاریدیۆ ده‌ستدرێژیی كردووه‌ته سه‌ر، به‌ڵام پۆلیس دوای لێكۆڵینه‌وه ڕووداوه‌كه‌ی به "إغتصاب" ناوبردووه.
هاوكات پۆلیسی ئیسپانیا ڕایگه‌یاندبوو، له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2018ـوه ئه‌مه سێیه‌مین سكاڵایه به‌ده‌ستیان بگات و تێیدا دیپاریدیۆ به دۆسیه‌ی توندوتیژی سێكسی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
ڕۆژی (پێنجشه‌ممه 14ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) میدیا فه‌ره‌نسییه‌كان بڵاویان کردەوە ئیمانوێل دوبێڤری ئەو خانمە ئەکتەرەی کە یەکێک بووە لە یەکەم کەسەکان کە جیرارد دیپاردیۆی، ئەستێرەی سینەمایی بە دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار کردبوو، لە 7ـی ئه‌م مانگه‌دا لە تەمەنی 60 ساڵیدا خۆی كوشتووه.
هه‌روه‌ها ڕوونیان كرده‌وه، ئه‌و رۆژه‌ی دوبێڤری خۆی كوشتووه، هاوكات بووه له‌گه‌ڵ په‌خشكردنی ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی کە تیشکی خستبووە سەر تۆمەتەکانی ئەو ئەکتەرە بە ئازاردانی سێکسی و توندوتیژی له‌لایه‌ن دیپاردیۆوه.
له‌لای خۆیه‌وه داواکاری گشتیی فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، هاوبەشەکەی دوبێڤری لە 29ـی مانگی رابردوو بە پۆلیسی ڕاگەیاندبوو کە "دوبێڤری ماڵەکەی بەجێ هێشتووە و پەیامێکی ناخۆشی بەجێ هێشتووە".
میدیا فه‌ره‌نسییه‌كان سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه دوبێڤری چه‌ندین جار سكاڵای كردووه دژ به ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وتی دیپاردیۆی و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ساڵی 2019 له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ئه‌و سكاڵایانه‌ی خۆی پۆست كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو كه دیپاردیۆی ساڵی 1983 له‌میانی وێنه‌گرتنی فیلمی "دانتۆن" كه باس له ڕووداوه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕشی فه‌ره‌نسی ده‌كات و له‌لایه‌ن ئه‌ندرێ جه‌دا ده‌رهێنه‌ری پۆڵه‌ندییه‌وه كاری ده‌رهێنانی بۆ كراوه، هه‌ڵسوكه‌وتی نابه‌جێی له‌گه‌ڵدا كردووه و "له‌ناو گالیسكه‌یه‌كدا ده‌ستی بۆ ژێر ته‌نووره‌كه‌ی بردووه."