سلێمانی.. ناجێگیریی بەهای دینار بازاڕی ئۆتۆمبێلی سست کردووە

بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل - سلێمانی
بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل - سلێمانی

K24 – سلێمانی:

ناجێگیریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی کاریگەری گەورەی لەسەر زۆرێک لە کەرتە جیاوازەکان دەبێت، کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش یەکێکە لەو بوارانەی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بەهای دینار و دۆلار هەیە، لە ماوەی ڕابردوودا دەوترا بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بازاڕی ئۆتۆمبێلی نەهێشتووە، ئێستاش کە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار ناجێگیرە، جارێکی دیکە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لاواز بووە.

محەممەد بایز، خاوەن پێشانگاى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئيستا لە بازاڕ خەڵک ناوێرێت کاری کڕینی و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بکات، چونکە دۆلارەکە یاری دەکات بەرز و نزم دەبێت. هەمووی چاوەڕێ دەکات جێگیر بێت یان نزم بێتەوە، بازاڕی ئيمەش بەهۆکاری بەرزی و نزمیی نرخی دۆلار وەستاوە.

کەمى خواست لەسەر ئۆتۆمبێل وای کردووە نرخەکەشى دابەزێت بۆ نموونە ئەگەر ئۆتۆمبێلێک نرخەکەى بیست هەزار دۆلار بێت نزیکەى سێ هەزار دۆلار لە نرخەکەى دابەزیوە، کڕیارانیش متمانەیان بە بەهاى دینارى عێراقى نییە کە چارەنووسى چۆن دەبێت، بەڵام بەشێکیشیان ئێستا بە دەرفەت دەزانن بۆ کڕینى ئۆتۆمبێل چونکە بەهاى دینار بەرز بووەتەوە.

هۆشمەند عەتا، هاووڵاتى بە کوردستان24ـی گوت: بەرز و نزمکردنی نرخی دۆلار کاریگەریی هەیە لەسەر بازاڕ، چونکە ناسەقامگیریی دروست دەکات و دڵە ڕاوکێ لای کڕیار و فرۆشیار دروست دەکات، بەڵام بەراورد بە مانگەکانی پێشوو نرخی دۆلار کەمێک دابەزیووە لەوانەیە چانسێک بێت بۆ ئەوەی خەڵک ئۆتۆمبێل بکرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو بەرزو نزمییە کەمێک کاریگەری هەیە لەسەر ڕاگرتنی جوڵەی بازاڕ.

بەرز و نزمی بەهای دیناری عێراقی کاریگەری زۆری لەسەر بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دروست کردووە، چونکە هەموو مامەڵەکانی ئەم بازاڕە بە دۆلار دەکرێت و کڕیارانیش دەڵێن: چاوەڕێ دەکەن بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرز بێتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی کڕینی ئۆتۆمبێلدا زیانی زۆر نەکەن.

Fly Erbil Advertisment