دەم پارتی و جەهەپە لەبارەی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا کۆ دەبنەوە

K24 – هەولێر:
کۆبوونەوەکانی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری نوێ بە سەرپەرشتی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەستییان پێکرد، ئاک پارتی دەیەوێت بە کۆدەنگیی سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکان، خۆی لە دەستووری ساڵی 1982 ڕزگار بکات. بڕیاریشە سبەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆکی جەهەپە بۆ هەمان مەبەست کۆببنەوە.
گەڕی یەکەمی سەردانەکانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای پارت و لایەنە سیاسییەکان دەستی پێکرد و نوعمان کورتوڵموش دوای سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممەی بۆ جەهەپە، سەردانی دەم پارتی کرد و لەگەڵ هاوسەرۆکانی ئەو پارتە کۆبووەوە.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ دەم پارتی ڕایگەیاند، پێشنیازەکان خراونەتە بەرباس و دەیانەوێت قۆناغی نووسینەوەی دەستوور، ڕوون و دیموکراسییانە بێت.
کورتوڵموش گوتیشی: "لەبارەی قۆناغی نووسینەوەی دەستووری نوێ بۆچوونەکانمان خستە ڕوو. دەمانەوێت قۆناغی نووسینەوەی دەستوور ڕوون و دیموکراسییانە بێت. بەڕێز هاوسەرۆکان و جێگرانی هاوسەرۆکانی فراکسیۆنی دەم پارتی، لەنێو خۆیاندا تاوتوێی بابەتەکە دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن. هیوادارین بە بەشداری و کۆدەنگییەکی فراوانی پارت و لایەنە سیاسییەکان کارێک بخەینەڕوو و دواتریش لە پەرلەمان پەسەندی بکەین".
ئەمەش دووەم سەردانی کورتوڵموش بوو بۆ لای دەم پارتی کە لەلایەن تونجەر باکرهان و تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی ئەو پارتە پێشوازیی لێ کرا.
لەلایەن خۆیەوە، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: "وەک دەم پارتی بڕوامان وایە تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە، دەستووری ئێستای وڵاتەکەمان لەکار خراوە و بەر لە نووسینەوەی دەستووری نوێ، پێویستمان بە خاوێنکردنەوەی ڕێگەکەیەتی. پێویستە ئەو فشارەی کە هەیە هەڵبگیرێت، دواتر ڕێکارە نادیموکراسییانەکان بەلاوە بنرێن. هاوکات جەخت لە جێبەجیکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا دەکەینەوە".
دیدار و کۆبوونەوەکانی دەم پارتی لەبارەی دەستووری نوێ بەردەوام دەبن، بڕیارە سبەی هاوسەرۆکانی ئەو حیزبە سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل کۆببنەوە.
دەستووری تورکیا لە 177 ماددە پێک هاتووە و تاوەکو ئێستا گۆڕان لە 20 بەشی جیاوازیدا کراوە، بەڵام 58 ماددەیان بە هیچ جۆرێک دەستکاریی نەکراون. یەکەم گۆڕانیش لە دەستووری تورکیا لە ساڵی 1987 بووە و دوایین هەموارکردنەوەش لە ساڵی 2017 بوو کە سیستمی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕدرا.
دەستووری ئێستای تورکیا لە دوای کودەتاکەی (12ـی ئەیلوولی 1982) نووسراوەوەتەوە و لە ڕاپرسییەکی گشتییدا بە ڕێژەی 92%ـی دەنگی خەڵکی ئەو وڵاتە پەسەند کرا، بۆیە دوای 40 ساڵ لە ئامادەکردنی ئەو دەستوورە، هەرچەندە چەند جارێک هەموارکراوەتەوە و گۆڕانی کەمی تێدا کراوە، بەڵام هەر بە "دەستووری کودەتا" ناو دەبرێت.
بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور لە کۆی 600 کورسیی پەرلەمانی تورکیا، ئاکپارتی پێویستی بە 360 دەنگ هەیە بەڵام خۆی تەنیا خاوەنی 268 کورسییە و مەهەپەی هاوپەیمانیشی خاوەنی 50 کورسییە، هەرچەندە پارتی یەنیدەن ڕەفا خاوەنی پێنج کورسییە بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە هاوپەیمانی کۆمار جیا بووەوە، بۆیە ئێستا ئاکپارتی پێویستی بە 42 دەنگی دیکە هەیە تاوەکو بیخاتە ڕاپرسی گشتییەوە، هاوکات بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ بەبێ ڕاپرسی گشتیی پەسەندی بکات، پێویستی بە 400 دەنگ هەیە.
لە بەرامبەردا، جەهەپە 130 کورسی، دەم پارتی 57 کورسی، ئیی پارتی 44 كورسی، پارتەکانی سهعادهت و ئایینده پێكهوه 20 كورسی، دهڤا 15 كورسی و پارتی كرێكارانی توركیا چوار كورسییان لە پەرلەمانی تورکیا ههیه.