شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە

دروستبوونی لافاو لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک
دروستبوونی لافاو لە گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک

K24 – هەولێر:

پەیامنێرانی کوردستان24 لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕایانگەیاند، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ شارەکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی ڕاپەڕینی گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەک پەنگخواردنەوەی ئاو ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە و لە کەرکووکیش ئاو چووەتە زیاتر لە 30ـی ماڵی گەڕەکی شۆراو.

ئێواری ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەش زیاتر لە شارەکانی هەولێر و کەرکووک بەدیارکەوتن و کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلی بارانە بەردەوام دەبێت.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، لە گەڕەکی شۆراوی کەرکووک بەهۆی بارانی بەخوڕ و خراپی ئاوەڕۆی گەڕەکەکەوە، لافاو دروستبووە و ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 30 ماڵ و قوتابخانەی شۆراوی سەرەتایی کە لەو کاتەدا، مامۆستایان و قوتابییان لەکاتی دەوام بوونە و لەلایەن هاووڵاتییانی گەڕەکەکەوە ڕزگارکراون.

هاووڵاتییانی گەڕەکی شۆراوی شاری کەرکووک، هۆکارێکی دروستبوونی لافاو دەگەڕێننەوە بۆ کەمتەرخەمی لایەنە ئیدارییەکانی کەرکووک و بچووکی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوەکانی دەرچوونی ئاو، کە سەرەرای هۆشدارییە پێشوەختەکانی کەشناسی، ئامادەکاری پێویستیان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو نەکردووە.

هاوکات ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی بارانە بەخوڕەکەم دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاوێکی زۆر لە شەقامی سەرەکی گەڕەکی تەیراوە، پەنگیخواردووەتەوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی دیکە سەرقاڵی کردنەوەی مەنهۆڵەکان و پاککردنەوەی شەقامەکانن.

لەلایەن خۆیەوە، کافی عەبدولقادر، ئەفسەر لە ژووری ئۆپراسیۆنی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ڕۆژی (30ـی نیسانی 2024)ـەوە سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ ڕووبەڕوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.

ئەو ئەفسەرەی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە شەش شوێنی شاری هەولێر لە ئەنجامی بارینی بارانێکی زۆر لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاو پەنگیخواردەوە و بەتایبەتی لە گەڕەکەکانی تەیراوە، نووسەران، تەلار ستی و شەقامی پزیشکان، دوای ئەوەش لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە، کاریگەرییەکانی دروستبوونی لافا کەمکرایەوە.

هاوکات ئەفسەر کافی عەبدولقادر داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە ئەگەری هەر مەترسییەکی دروستبوونی لافاو، پەیوەندی بە ژمارەی تەلەفۆنەکانی 115 و 125 بکەن و ناونیشانی خۆیان ڕابگەیەنن، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگری شارستانی بە هانایانەوە دەچن.

پێشتریش بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بوو، سبەی هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین و بروسکە بەردەوام دەبێت.

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، پلەکانی گەرما دوو بۆ چوار پلە دادەبەزێت، هاوکات مەودای بینین حەوت بۆ نۆ کیلۆمەتر دەبێت. جیا لەوە سبەی بەرزترین پلەی گەرمی لە گەرمیان دەبێت و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما 24 پلە بێت. هاوکات نزمترین پلەی گەرماش لە حاجی ئۆمەرانە و چاوەڕی دەکرێت 19 پلەی سیلیزی بێت. لە هەولێری پایتەختیش پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما 21 پلەی سیلیز بێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پارێزگای هەولێر ڕۆژی چوارشەممە (1ـی ئایاری 2024) داوای لە هاووڵاتیان کردبوو، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بۆ گەشت و سەیران دەرنەچن، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی خۆیان و دووربوون لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانە چاوەڕوانکراوەی لەماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

Fly Erbil Advertisment