نەجات محەممەد: گرنگە ڕێکخراوی بێلایەن خۆپیشاندان ڕێکبخات

نەجات محەممەد، پارێزەر
نەجات محەممەد، پارێزەر

K24 – هەولێر:

پارێزەرێک دەڵێت: خۆپیشاندەر مافی ئەوەی نییە ڕێگە لە شۆفێران بگرێت. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، گرنگە ڕێکخراوی بێلایەن خۆپیشاندان ڕێک بخات.

نەجات محەممەد، پارێزەر، لەمیانەی بەشداریی لە گەشێکی هەواڵەکانی کوردستان24 ڕایگەیاند، خۆپیشاندان بابەتێکی شەرعییە بۆ هەر تاکێك و هەر کۆمەڵگەیەک، دەستووری عێراق ڕێگەی بە خۆپیشاندان داوە، بەڵام بە مەرجێک پێشێلی کۆمەڵێک یاسا نەکرێت ئەگەرنا ئەنجامدەرانی تووشی سزا دەبن

ئەو پارێزەرە دەڵێت: ئەگەر لە وڵاتانی رۆژئاوا کەسێک بیەوێت خۆپیشاندان بکات پێویستە ڕەچاوی سێ خاڵ بکات؛ دیاریکردنی شوێن، کات و دروشمەکانی خۆپیشاندانەکە، ئەگەر ئەو سێ خاڵە پێشێل کرا، حکوومەت مافی هەیە خۆپیشاندانەکە ڕابگرێت و کۆتایی پێ بهێنێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێکخراوێکی بێلایەن نییە تایبەت بێت بەو کەسانەی کە خۆپیشاندان دەکەن یان ناڕەزایەتی دەردەبڕن، پێویستە ڕێکخراوێک هەبێت بۆ دارشتنی ستانداردی خۆپیشاندان.

نەجات محەممەد، گوتی: لە دەستووردا نەهاتووە ئەو کەسەی خۆپیشاندان دەکات پێویستە ڕێگەی خەڵک بگرێت، بەڵکو نابێت خۆپیشاندەران رێگە لە شۆفێران بگرن.

خۆپیشاندان کردەیەکی دەربڕێنی ناڕەزایەتییە لەلایەن دەستەیەک یاخود کۆمەڵێک خەڵکەوە دژی بابەتێکی دیاریکراو ئەنجامدەدرێت. لەزۆرینەی وڵاتە پێشکەوتووەکان خۆپیشاندەر وەک چۆن مافی خۆپیشاندانی هەیە بەو شێوەیە ئەرکی لەسەرشانە کە نەبێتە هۆکاری ئازار بۆ خەڵکی دیکە و کێشە بۆ ژیانی ئاساییان دروست نەکات.

Fly Erbil Advertisment