ژیار جەلال: سەرجەم تیمەکانی شارەوانی لە ئامادەباشیدان

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر دەڵێت: تاوەکوو کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانە بەردەوام بێت تیمەکانی شارەوانی لە ئامادەباشیدا دەبن.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرجەم چاڵەکان و مەنهۆڵەکان پاک کراونەتەوە، هەروەها سەرجەم تیمەکانی شارەوانی لە ئامادەباشیدان.
بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەو شوێنانەی کە خاڵی لاواز بوون کێشەی پەنگخواردنەوەی ئاویان تێدا هەبوو بە جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە کێشەکانیان چارە کراون.
باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ هیچ شوێنێکی هەولێر مەترسی لەسەر نەبووە، "تاوەکوو کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانە بەردەوام بێت تیمەکانی شارەوانی لە ئامادەباشیدا دەبن".
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەش زیاتر لە شارەکانی هەولێر و کەرکووک بەدیارکەوتن و کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلی بارانە بەردەوام دەبێت.
پێشتریش بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، سبەی هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین و بروسکە بەردەوام دەبێت.