کەرکووك.. تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی ئەو ماڵانە دەکات کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە

K24 – کەرکووک:
ژمارەیەکی زۆری ماڵان لە شاری کەرکووک بەهۆی بارانەوە زیانیان بەرکەتووە، هاوکات تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە کەرکووک سەردانی ماڵە زیانلێکەوتووەکان دەکەن و هاوکاریان پێشکەش دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی (3ـی ئایاری 2024) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە دوێنێەوە بارانێکی زۆر باریوە ماڵێکی زۆر لە گەڕەکی شۆراو، سەری دۆمیز و حەی جامیعە ئاو چووەتە ناوییەوە، بۆیە ئێمە هاتووین هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانەکان بکەین و بزانین ژمارەی ماڵەکان چەندە.
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوەدا، لە داهاتوویەکی نزیکدا هاوکارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی ماڵە زیانلێکەوتووەکان دەکەن.
ئەندامێکی تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە کوردستان24ـی گوت: سوپاس بۆ خوا زیانەکان گیانی نەبوونە تەنیا ماددی بوونە، ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی نووسینگەی کەرکووك هاتووین بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ قەبارەی زیانی ماڵەکان بکەین، لە ماوەی دوو رۆژدا هاوکارییەکانیان پێشکەش دەکەین.
ئێواری ڕۆژی پێنجشەممە (2ـی ئایاری 2024) شەپۆلێکی باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەش زیاتر لە شارەکانی هەولێر و کەرکووک بەدیارکەوتن و کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلی بارانە بەردەوام دەبێت.
پێشتریش بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بوو، سبەی هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بارانبارین و بروسکە بەردەوام دەبێت.