گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی: بە فەرمانی دادوەر سەرۆکی ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە دەستگیر کرا

ساتی گواستنەوەی تەرمی شاخەوانەکان - وێنە: کوردستان24
ساتی گواستنەوەی تەرمی شاخەوانەکان - وێنە: کوردستان24

K24 – سلێمانی:

لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، چوار شاخەوان لە ناوچەی قەرەداغ گیانیان لەدەستدا و گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە شاخەوانییەیان دەستگیر کردووە.

ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە فەرمانی دادوەر بەپێی ماددەی 411ـی سزادانی عێراقی، سەرۆکی ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە دەستگیرکراوە و تا کۆتاییهاتنی ڕاستی و دروستی ڕووداوەکە لە لێکۆڵینەوەکان، ڕادەگیرێت.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەبارەی خراپی کەشوهەوای ئەم چەند ڕۆژە، سێ ڕۆژ پێش ئێستا، ڕێکخراوی شاخەوانی سەگرمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە کە ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) گەشتێک ڕێکدەخات بۆ ناوچەی قەرەداغ، گوندی ئاوەسپی - دەربەندی مەسوران.

بە گوێرەی بڵاوکراوەکەی ڕێکخراوەکە، شوێنی کۆبوونەوەی شاخەوانان ئەمڕۆ کاتژمێر 6:15ـی بەیانی بووە لە تەنیشی یانەی کۆمەڵایەتی لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی و کاتژمێر 6:30 بەیانیش بۆ دەربەندی مەسوران لە ناوچەی قەرەداغ بەڕێکەوتوون.

بەگوێرەی ئەو گرتەڤیدیۆیەی لە سۆشیال میدیای کوردستان24 بڵاوکراونەتەوە، تیمەکانی فریاگوزاری بەهۆی سەختی شوێنەکەوە، جگە لە بوونی چەند ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن، کۆپتەریشیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوە تەرمەکان.

کوردستان24 زانیویەتی، یەکێک لە شاخەوانەکان بەناوی حەمەلاو، پێشتر تووشبووی شێرپەنجە بووە و لە نەخۆشخانەی هیوا چارەسەری وەرگرتووە و چاکبووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی بەهۆی لافاوەوە لە دەربەندی مەسوران گیانی لەدەستداوە.

پێشتریش ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕایگەیاند، لەلایەن تیمەکانیانەوە چوار تەرم لە ڕووداوەکەی قەرەداغ دۆزراونەتەوە کە سەرجەمیان ئەندامی گرووپێکی شاخەوانی بوون و لافاو بردوونی.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی گشتی ئەندامانی گرووپە شاخەوانییەکە 12 کەس بوون و چواریان خنکاون و تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و ئەوانی دیکە سەلامەتن.

هەروەها ڕەئووف کەمال، قایمقامی قەرەداغ ڕایگەیاندبوو، گرووپێکی شاخەوانی لە شاری سلێمانی هاتوون بۆ گوندی ئاوەسپی لە ناحیەی سێوسێنان و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان لافاو بردوونی کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتوونەتە سنوورەکە.