کەشناسی هەرێمی کوردستان: ئەمشەو تا بەیانی بارانی بەلێزمە دەبارێت

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 – هەولێر:

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو پێشبینی بارانی بەلێزمە دەکرێت و تا 9ـی بەیانی بەردەوام دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی (3ـی ئایاری 2024) دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمشەو لە دوای کاتژمێر 1ـی شەو تا 9ـی بەیانی پێشبینی بارانبارینی بەلێزمە دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئاماژەی بەوەدا، پێشبینی دەکرێت کاریگەری ئەو شەپۆلە لێزمە بارانە لەسەر سەنتەری شارەکان و زیاتر دەشتی هەولێر، کۆیە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و دۆکان و بەشێک لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی بێت.

رۆژی هه‌ینی (3ـی ئایاری 2024) عامر جابری، به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی گرتووه‌ته‌وه‌، له‌ ڕێگه‌ی فشاری كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ریای سووره‌وه‌یه‌.

عامر جابری ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌م شه‌پۆله‌ ئه‌مڕۆش له‌ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاستی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كه‌شناسی عێراق گوتیشی: پله‌كانی گه‌رما له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 23 پله‌ی سه‌دی ده‌بێت و له‌ ناوه‌ڕاستی عێراقیش له‌ 32 پله‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و له‌ باشووریش 33 و 34 پله‌ ده‌بێت.