وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە

تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی
تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە پاش هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر کە بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا، ئێستا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.

ڕۆژی هەینی (3ـی ئایاری 2024) ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەڕێکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە، 95%ـی پێدانی کارەباش ئاسایی بووەتەوە کە ئێستا سێ هەزار و 600 مێگاوات بەرهەم دێت".

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە: "کاتەکانی پێدانی کارەبا لە هەندێک شوێن لە 18 - 19 کاتژمێر نزیک بووەتەوە و کەمترین پێدانیش 15- 16 کاتژمێرە".

هەر ئەمڕۆ کۆمپانیای دانەگاز ڕایگەیاند: ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتەوە سەرووی 500 ملیۆن پێ سێجا گازی سرووشتی و هەزار و 100 تۆن گازی شل و 15 هەزار کۆندەنسەیت و دووپاتیشی دەکاتەوە، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانییکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.

دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوە کرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی گازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.

Fly Erbil Advertisment